عەزیز ئەحمەد، بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لە کۆی زیاتر لە 350 هەزار خانەنشین لە هەرێمی کوردستان، نزیکەی 50 هەزار خانەنشین سەرەڕای چاپکردنی کارتە بانکییەکانیان، هێشتا وەریان نەگرتووەتەوە. هاوکات ئاماژەی بەوەش کرد هەزاران خانەنشینی دیکە هێشتا لە پڕۆژەی “هەژماری من” تۆمار نەکراون.
عەزیز ئەحمەد، لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس ئاماژەی بەوە کرد، بینینی نۆرەی دوور و درێژی خانەنشینان لەبەردەم بانکەکاندا دیمەنێکی ئازاربەخشە، بەتایبەت لە کاتێکدا بەدیلێکی باشتر و گونجاوتر بۆ پێدانی مووچەکانیان لەبەرەستدایە.
بەپێی زانیارییە فەرمییەکان، دۆخی گواستنەوەی مووچەی خانەنشینان بۆ سیستەمی دیجیتاڵی بەم شێوەیەیە:
کۆی گشتی خانەنشینان: زیاتر لە 350 هەزار کەس لە لیستی مووچەی هەرێمی کوردستاندا هەن.
ڕێژەی گواستنەوە: زیاتر لە نیوەی خانەنشینان مووچەکانیان بە شێوازی دیجیتاڵی لە ڕێگەی “هەژماری من”ەوە وەردەگرن، کە ئەمەش بووەتە هۆی کۆتایهێنان بە نۆرەگرتنی درێژ.
کارتە وەرنەگیراوەکان: نزیکەی 50 هەزار خانەنشین کارتە بانکییەکانیان ئامادەیە بەڵام وەریان نەگرتووەتەوە.
بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکوەزیران داوای لەو خانەنشینانە کرد کە مامەڵەکانیان تەواو کردووە، بەزووترین کات سەردانی بانکەکان بکەن بۆ وەرگرتنەوەی کارتەکانیان، تاوەکو لە دڵەڕاوکێ ڕزگاریان بێت و بە ئاسانی مووچەکانیان بەدەست بگات.
هاوكات داوای لە گەنجان و کەسوکاری خانەنشینان کرد هاوکار و یارمەتیدەری بنەماڵەکانیان بن بۆ ناوتۆمارکردن لە پڕۆژەکە و ئاشناکردنیان بە سوودەکانی پارەدانی دیجیتاڵی.
لەپێناو خێراکردنی ئەم پرۆسەیەدا، تیمی “هەژماری من” بە هاوبەشی و لە نزیکەوە لەگەڵ وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان کاردەکەن، بە ئامانجی خێراکردنی دابەشکردنەوەی کارتە بانکییەکان، تەواوکردنی پرۆسەی ناوتۆمارکردن و گواستنەوەی سەرجەم مووچەکان بۆ سیستەمی دیجیتاڵی.