وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق هەوڵی گەڕاندنەوەی دەیان خێزانی ئاوارەی پارێزگای نەینەوا دەدات کە ئێستا لە هەولێر نیشتەجێن، بۆ ناوچە رەسەنەکانی خۆیان. بە شێوەیەکی گشتی زیاتر لە 2 هەزار و 100 ئاوارەی شارەکانی عێراق لە کەمپەکانی هەولێرن.
عەلی عەباس جەهانگیر، گوتەبێژی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق باس لە ژمارەی ئاوارەکان دەکات لە هەولێر، دەڵێت “زیاتر لە 2 هەزار و 100 ئاوارەی ناوچەکانی خوارووی عێراق، ئەنبار، سەلاحەددین و نەینەوا لەنێو کەمپەکانی هەولێرن، کە زۆربەیان خەڵکی نەینەوان.”
بۆ گەڕاندنەوەی ئاوارەکانیش، عەلی عەباس دەڵێت “گفتوگۆمان لەگەڵ رێکخراوە نێودەوڵەتییە پەیوەندیدارەکان دەستیپێکردووە بۆ ئاسانکاریی گەڕانەوەی ئەو خێزانە ئاوارانەی لە چەند کەمپێکی هەولێر نیشتەجێن، کە لە کاتی هێرشەکانی داعش بۆ سەر پارێزگاکەیان ئاوارە ببوون، بەڵام رێکخراوەکان پێیان گوتووین پارەیان کەمە و بودجەی پێویستییان لەبەردەست نییە.”
گوتەبێژی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران دەشڵێت، “چاوەڕێی وەزیری نوێین بۆ وەزارەت تاوەکو بابەتەکانی پەیوەست بە کۆچبەران چارەسەر بکرێن و حکومەتی نوێ بە تەواوی پێکبهێنرێت.”
عەلی جەهانگیر ئاماژەی بە کێشەی هەندێک لە ئاوارەکانیش دەکات و دەڵێت “هەندێک لە ئاوارەکان کێشەی بەڵگەنامە فەرمییەکانیان هەیە و فەوتاون، هەندێکیان خانوو و ماڵەکانیان وێران بوون، هەندێکیشیان کێشەی عەشایەرییان هەیە؛ ئەگەر ئەمانە چارەسەر ببن، ئەوانیش دەگەڕێنەوە.”