چەند ڕێنماییەک بۆ خۆپارێزی لە ڤایرۆسی تای خوێنبەربوون
راوێژکارێکی وەزارەتی کشتوکاڵ باسی ڤایرۆسی تای خوێنبەربوون دەکات و چەند ڕێنماییەک بۆ هاوڵاتییان دەخاتە روو، هەروەها باس لە هۆکاری گرانبوونی نرخی گۆشتی ئاژەڵ دەکات.
نەبەز رەفعەت، راوێژکاری وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان: نیشانەکانی تای خوێنبەربوون لە ئاژەڵدا زۆر بە روونی دەرناکەون و تەنیا هەندێک نیشانەی سووکی وەک: (تا لێهاتنێکی کاتی، بێهێزی و تەمەڵی، لەگەڵ کەمبوونەوەی ئارەزووی خواردن بۆ چەند رۆژێک) لە ئاژەڵەکەدا دەردەکەون. هەروەها دەڵێت “ڤایرۆسی ئەم نەخۆشییە بۆ ماوەی حەوت رۆژ لە لەشی ئاژەڵەکاندا دەمێنێتەوە، بۆیە پێویستە لەو ماوەیەدا ئاگادارییەکی ورد هەبێت.”
لەبارەی سەربڕینیشەوە دەڵێت “دوای سەربڕینی ئاژەڵ، پێویستە بۆ ماوەی 24 کاتژمێر گۆشتەکە لە پلەی گەرمی 4 پلەی سیلیزی لەناو ساردکەرەوەدا دابنرێت، چونکە ئەمە دەبێتە هۆی لەناوبردنی ڤایرۆسەکە و گۆشتەکە بۆ خواردن شیاو دەبێت. وا باشیشە تەنیا لە سەربڕخانە فەرمییەکان سەر ببڕدرێت نەوەک لە کۆڵان و نێو ماڵان.
هەروەها سەبارەت بە گرانبوونی نرخی گۆشت، ئاماژە بەوە دەکات، “داخستنی هەندێک سنوور و فڕۆکەخانە و کەمبوونەوەی خەزێنەی ئاژەڵ لە ناوچەکەدا، بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخ و زیادبوونی خواست لەسەر گۆشتی بەستووی هاوردە وەک جێگرەوەیەک”.