ترەمپ هۆشداریی توند دەداتە تاران؛ یان ڕێککەوتن یان لێدانی کوشندە
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی کتوپڕدا هۆشدارییەکی توند و بێپێشینە ئاراستەی تاران دەکات و ڕایدەگەیەنێت، بژاردەی سەربازی دژی ئێران گەڕاوەتەوە سەر مێزی بڕیار. ئەم لێدوانە دوای پەرەسەندنی گرژییە ئەمنییەکانی ناوچەکە و هێرشکردنە سەر وێستگەیەکی ئەتۆمی لە ئیمارات دێت.
ترەمپ بۆ ئەکسیۆس: گەیشتووینەتە مریشکە ڕەشە
باراک ڕاڤید، ڕۆژنامەنووسی ناوداری ئاژانسی ئەکسیۆس (Axios)، ناوەڕۆکی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ ئاشکرا کردووە. ترەمپ لە لێدوانێکی ڕاستەوخۆدا بۆ ئاژانسەکە ڕایگەیاندووە: زۆر بە ڕوونی دەڵێم؛ گەیشتووینەتە مریشکە ڕەشە، یان ڕێککەوتن یان لێدانی کوشندە. ئەگەر ئێرانییەکان پێشنیازێکی باشتر بۆ ڕێککەوتن نەهێننە سەر مێزی گفتوگۆ، ئەمجارە زۆر لە جاران توندتر لێیان دەدەین و وایان لێ دەکەین خۆیان نەناسنەوە.
کۆبوونەوەی بەپەلە لە ژووری ئۆپەراسیۆنەکان
بەرپرسانی ئەمریکا ئاماژە بەوە دەکەن کە سەرەڕای ئارەزووی پێشووی ترەمپ بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێکان لە ڕێگەی دیپلۆماسی و ڕێککەوتنەوە، بەڵام سووربوونی ئێران لەسەر نەکشانەوە لە پرۆگرامە ئەتۆمییەکەی، واشنتنی ناچار کردووە بژاردەی سەربازی چالاک بکاتەوە.
بۆ تاوتوێکردنی ئەم دۆخە شڵەژاوە، بڕیارە ڕۆژی سێشەممە سەرۆکی ئەمریکا لەگەڵ تیمی ئاسایشی نەتەوەیی وڵاتەکەی لە ژووری ئۆپەراسیۆنەکان (Situation Room) کۆبوونەوەیەکی بەپەلە و چارەنووسساز ئەنجام بدات.
هێرشەکەی ئیمارات و شڵەژانی بازاڕی نەوت
ئەم توندبوونەوەیەی زمانی واشنتن هاوکاتە لەگەڵ پەرەسەندنی مەترسیداری دۆخی مەیدانی لە کەنداو؛ دوای ئەوەی بە سێ فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن) هێرش کرایە سەر وڵاتی ئیمارات. یەکێک لە درۆنەکان وێستگەی ئەتۆمیی «بەرەکە»ی پێکاوە و بووەتە هۆی زیانپێگەیاندنی مۆلیدەیەکی کارەبا لە وێستگەکەدا.
ئەم پێشهاتە ئەمنییە دەستبەجێ لێکەوتەی ئابوری لێکەوتەوە و نرخی نەوت بە ڕێژەی 2% بەرزبووەوە و نرخی گەیشتە 111 دۆلاری ئەمریکی، ئەمەش ترسی لای بازاڕەکانی وزە دروست کردووە.
ناوەندگێڕی نێودەوڵەتی بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە
لە لایەکی دیکەوە، لەسەر ئاستی دیپلۆماسی، هەریەکە لە پاکستان و قەتەر هێڵەکانی پەیوەندییان گەرم کردووەتەوە و هەوڵەکانیان چڕ کردووەتەوە تاوەکو ڕێگری لە تەقینەوەی تەواوەتیی دۆخەکە و بەرپابوونی شەڕێکی بەرفراوان لە ناوچەکەدا بگرن.