سێنتکۆم: هێرشەکانی ئێرانمان لە تەنگەی هورمز تێکشکاند و وەڵاممان دانەوە
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایدەگەیەنێت، بەرپەرچی زنجیرەیەک هێرشی بێ پاساوی ئێرانیان لە تەنگەی هورمز داوەتەوە و لە وەڵامیشدا چەندین پێگەی سەربازیی ئەو وڵاتەیان لە ناوخۆی ئێراندا کردووەتە ئامانج.
بەپێی راگەیەندراوێکی سێنتکۆم، رۆژی 7ـی ئایار، کاتێک کەشتییە تێکشکێنەرە مووشەکییەکانی هێزی دەریایی ئەمریکا (USS Truxtun، USS Rafael Peralta و USS Mason) خەریکی رۆیشتن بوون بە رێڕەوی ئاویی نێودەوڵەتی لە تەنگەی هورمزەوە بەرەو دەریای عومان، لەلایەن هێزەکانی ئێرانەوە هێرشیان کراوەتە سەر.
سێنتکۆم ئاماژەی بەوە کردووە، هێزەکانی ئێران چەندین مووشەک، درۆن و بەلەمی خێرایان لە دژی کەشتییە ئەمریکییەکان بەکار هێناوە، بەڵام هیچ کام لە کەشتییەکان نەپێکراون و زیانیان بەرنەکەوتووە.
دەشڵێت، لە بەرامبەردا، هێزەکانی ئەمریکا وەک بەرگری لە خۆیان، چەندین پێگەی سەربازیی ئێرانیان کردووەتە ئامانج کە بەرپرس بوون لە هێرشەکان؛ لەوانەش شوێنی هاویشتنی مووشەک و درۆن، ناوەندەکانی فەرماندەیی و کۆنترۆڵ و بنکەکانی چاودێری و هەواڵگری.
فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا دەڵێت، ئەوان بەدوای زیادکردنی گرژییەکاندا ناگەڕێن، بەڵام لە ئامادەشیی تەواودان بۆ پاراستنی هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا.
ئەم پێکدادانە دەریاییە دوای ئەوە دێت کە سوپا ی پاسدارانی ئێران رایگەیاند تەنگەی هورمزی بە رووی هەموو جۆرە کەشتییەکدا داخستووە، ئەوەش وەک وەڵامێک بۆ گەمارۆ دەریاییەکانی ئەمریکا. ئەم پەرەسەندنە سەربازییە هاوکاتە لەگەڵ شکستی دانوستاندنە ئەتۆمییەکانی پاکستان، کە وایکردووە ئاگربەستە کاتییەکەی نێوان تاران و واشنتن بە تەواوی هەڵبوەشێتەوە و ناوچەکە بەرەو قۆناخێکی نوێی شەڕی راستی بڕوات. ئێستا بەهۆی ئەم ئاڵۆزییانەوە، نرخی نەوت لە بازاڕە جیهانییەکاندا بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە.