دادگا كەیسی بەڕێوەبەری پێشووی مەرزی پەروێزخانی یەكلا كردەوە

دوای لابردنی بەڕێوەبەری دەروازەی نێودەوڵەتی پەروێزخان و دانانی بەڕێوەبەرێكی نوێ لە جێگەكەی، دەنگۆی ئەوە هەیە جارێكی تر ناوبراو بگەڕێندرێتەوە بۆ پۆستەكەی

سەرچاوەیەكی بەرپرس لە دەروازەی پەروێزخان بە تۆڕی میدیایی باڵكێشی ڕاگەیاند: ”بەڕێوەبەری پێشووی دەروازەی نێودەوڵەتی پەروێزخان پێشتر لیژنەیەكی لێكۆڵینەوەی لەسەر بووەو ڕووبەڕووی دادگا كراوەتەوە و كەسێكی تر لە جێگەكەی دانراوە”

وتیشی: ”ئێستا دادگای لێكۆڵینەوە كەیسی ناوبراوی یەكلایی كردووەتەوەو هیچ تۆمەتێكی بەسەردا ساغ نەبووەتەوەو جارێكی تر دەگەڕێندرێتەوە بۆ پۆستەكەی بەشێوەیەكی كاتی تاوەكو كەسێكی تر لە جێگاكەی دادەنرێت”

دەروازەی نێودەوڵەتی پەروێزخان، دەروازەیەكی گەورە و پڕ جووڵەی بازرگانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئێرانە و دەكەوێتە سنووری ئیدارەی گەرمیانەوە، بە قەبارەیەكی گەورە ئاڵوگۆڕی بازرگانی دەكرێت، لەماوەكانی ڕابردوو و ئێستاشدا زۆرترین قسەی لەسەر كراوەو دەكرێت و باس لەوە دەكرێت كە بە قەبارەیەكی گەورەی گەندەڵی تێدا دەكرێت، ئەم دەروازەیە لەسەروبەندی ڕێككەوتنی ئیداریی نێوان یەكێتی نیشتیمانی و بزووتنەوەی گۆڕاندا بۆ دابەش كردنی پۆستەكان، بەڕێوەبەرەكەی بوو بە پشكی بزووتنەوەی گۆڕان.

ھەواڵی زیاتر