چەند ڕێنماییەکی توند بۆ جووتیاران لەکاتی دروێنەی بەرهەمەکانیان

بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کشتوکاڵی هەولێر، کۆمەڵێک رێنمایی و مەرجی توندی بۆ خاوەن دەڕاسە و جووتیاران لە وەرزی دروێنەدا راگەیاند بە مەبەستی پاراستنی دەغڵودان و رێگریکردن لە رووداوی ئاگرکەوتنەوە.

پێویستە هەموو خاوەن دەڕاسەکان و جووتیاران پابەندی ئەم خاڵانەی خوارەوە بن بۆ ئەوەی وەرزی دروێنە بەبێ زیان کۆتایی بێت:

  • پێویستە لە ناو هەر دەڕاسەیەکدا ئامێری ئاگرکوژێنەوە هەبێت، هەروەها تانکەرێکی ئاو بە بەردەوامی لەگەڵ دەڕاسەکەدا بێت بۆ هەر بارودۆخێکی نەخوازراو.
  • بەڕێوەبەرایەتییەکە هۆشداری دەدات کە بە هیچ شێوەیەک نابێت کرداری “لەحیمکردن” لە ناو کێڵگەکاندا ئەنجام بدرێت، هەروەها داوا لە شۆفێری دەڕاسەکان دەکات لە کاتی کارکردندا لە جگەرەکێشان بەدوور بن.
  • پێویستە شۆفێرانی دەڕاسە زۆر بە ئاگا بن و چاودێری هێڵەکانی کارەبا بکەن لە کاتی کارکردندا بۆ ئەوەی تووشی رووداوی کارەبا لێدان نەبن.
  • داوا دەکرێت رێگاکانی نێوان تۆخوبەکان و رێگای چوونە سەر زەوییەکان چاک بکرێن، تاوەکو لە کاتی هەر رووداوێکدا تیمەکانی بەرگری شارستانی بتوانن بە ئاسانی بگەنە شوێنی مەبەست.

هەروەها پێویستە جووتیاران و خاوەن دەڕاسەکان ژمارەی بەرگری شارستانی و ئاگرکوژێنەوەیان لابێت بۆ هەر حاڵەتێکی نەخوازرا و ئاگارکەوتنەوە.

ئەمساڵ ڕێژەی باران بارین زۆر بووە، ئەمەش جیا لە باشی بەرهەمی جووتیاران، لە حاڵەتی کەوتنەوەی ئاگر، بەهۆی زۆری گژوگیا و چڕییەکەی، ئەگەر زوو تیمەکانی لێ ئاگادار نەکرێتەوە کۆنتڕۆڵکردنی زەحمەت دەبێت.

ھەواڵی زیاتر