ترەمپ هەڕەشەی گورزی سەربازی لە ئێران دەکات و پێشنیازە نوێیەکەی تاران ڕەتدەکاتەوە

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، جارێکی دیکە هۆشداری توندی ئاراستەی تاران کرد و ڕایگەیاند، ئەگەر ئێران ڕەفتاری خراپ بنوێنێت، بژاردەی سەربازی و وەشاندنی گورزی نوێ لە ئارادایە.

سەرۆکی ئەمریکا بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند، فەرمانی هێرشی سەربازی بۆ سەر ئێران ئامادەیە ئەگەر تاران هەنگاوی نەگونجاو بنێت. بەپێی زانیارییەکانی ماڵپەڕی ئەکسیۆس، ترەمپ لەلایەن براد کووپەر، فەرماندەی سێنتکۆمەوە، وردەکاریی پلانە نوێیەکانی هێرشکردنە سەر ئێرانی پێگەیشتووە. ئاماژە بەوەش کراوە کە کووپەر دوای کۆبوونەوەکەی لەگەڵ ترەمپ، ڕاستەوخۆ گەڕاوەتەوە بۆ ناوچەکە و لەگەڵ سەربازانی ئەمریکی کۆبووەتەوە.

ئەم ئاڵۆزییانە لە کاتێکدایە کە ئێران ڕەشنووسێکی 14 خاڵی پێشکەشی واشنتن کردووە بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێکان. گرنگترین خاڵەکانی پێشنیازەکەی تاران بریتین لە، کردنەوەی گەرووی هورمز، کۆتاییهێنان بە گەمارۆی دەریایی ئەمریکا، ڕاگرتنی هەمیشەیی جەنگ لە ئێران و لوبنان، دیاریکردنی مۆڵەتی یەک مانگ بۆ جێبەجێکردنی ئەم مەرجانە، بەر لەوەی گفتوگۆ لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی بکرێت.

سەرەڕای ئەوەی ترەمپ ئاماژەی بەوە کردبوو کە ڕەشنووسەکە دەخوێنێتەوە، بەڵام لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تروس سۆشیال، بێئومێدی خۆی نیشاندا و نووسیویەتی: بڕوا ناکەم پێشنیازەکە قبوڵکراو بێت.

ترەمپ هێرشی توندی کردە سەر کۆماری ئیسلامی و ڕایگەیاند، هێشتا باجی ئەو کارانەی نەداوە کە لە ماوەی 47 ساڵی ڕابردوودا بەرامبەر بە مرۆڤایەتی ئەنجامی داون. ئەم لێدوانانە ئاماژەن بۆ ئەوەی کە واشنتن لەبری نەرمی نواندن، زیاتر بەرەو بژاردەی فشار و ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی هەنگاو دەنێت.

ھەواڵی زیاتر