ئێوارەی ڕۆژی شەممە 25-04-2026، لە ڕووداوێکی تەمومژاویدا لە نزیک کۆشکی سپی، هێزە ئەمنییەکانی ئەمریکا توانییان ڕێگری لە هێرشێکی چەکداری بکەن کە ئامانجەکەی کۆبوونەوەیەکی باڵای بەرپرسانی ئەمریکا بوو.
وردەکاریی ڕووداوی تەقەکردنەکە
لە کاتێکدا دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا و مارکۆ ڕۆبیۆ، وەزیری دەرەوە و چەندین بەرپرسی دیکەی ئیدارەی ترەمپ لە ئێوارەخوانێک لە هۆتێل هیڵتن لە واشنتن ئامادەبوون، کەسێک بە چەندین جۆری چەکەوە هێرشی کردە سەر پاسەوانانی هۆتێلەکە و هەوڵیدا بچێتە نێو ئەو هۆڵەی بەرپرسانی ئەمریکای تێدایە، بەڵام لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکرا.
کاردانەوەی سەرۆک و لایەنی ئەمنی
لەو کاتەدا هێزە ئەمنییەکان بە پەلە دۆناڵد ترەمپ و جێگرەکەیان بۆ پاراستنی گیانیان گواستەوە بۆ نێو کۆشکی سپی. دۆناڵد ترەمپ لە یەکەم لێدوانییدا دەربارەی ڕووداوەکە ڕایگەیاند، پێموانییە تەقەکردنەکە پەیوەندیی بە جەنگی ئێرانەوە هەبووبێت. ئەم جۆرە کەسانە شێتن، بۆیە هەرگیز نازانیت ئامانجیان چییە.
ناسنامەی تۆمەتبار و ئامانجی هێرشەکە
بەپێی زانیارییە بڵاوکراوەکان، تۆمەتبارەکە ناوی کۆلی ئالینـە و تەمەنی 31 ساڵە، لە کاتی لێکۆڵینەوەکاندا ئالین دانی بەوەدا ناوە کە مەبەستی بووە بەرپرسانی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ بکاتە ئامانج. تا ئێستا بە ڕاشکاوی ناوی “ترەمپ”ی وەک ئامانجی سەرەکی نەهێناوە، بەڵکو جەختی لەسەر ئەندامانی ئیدارەکەی کردووەتەوە.
وێنەی ئەو کەسەی تەقەی کردووە

ئەم ڕووداوە لە کاتێکدایە کە گرژییە نێودەوڵەتییەکان لە ئارادان و تەنیا چەند کیلۆمەترێک لە ناوەندێکی گرنگی جیهانی کە کۆشکی سپییە، بە هەرەمەکی تەقەیەکی زۆر دەکرێت و هەوڵی دەدرێت بەرپرسانی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ بکرێنە ئامانج.
لە مێژووی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا چوار حاڵەتی تیرۆرکردنی سەرۆک هەبووە
یەکەم: ئەبراهام لینکۆڵن، لە 14ـی نیسانی 1865 لە واشنتن کوژرا. ناوی بکوژەکە جۆن ویڵکس بووس بوو. لینکۆڵن خەریکی تەماشاکردنی شانۆگەرییەک بوو، بکوژ لە دواوە فیشەکێکی نا بە سەرییەوە و ڕۆژی دواتر لینکۆڵن گیانی لەدەستدا.
دووەم: جەیمس گارفیڵد، لە دووی تەممووزی 1881 لە وێستگەی شەمەندەفەری واشنتن کوژرا. ناوی بکوژ چارڵز گییتۆ بوو. گارفیڵد تەنیا چوار مانگ سەرۆکی ئەمریکا بوو، بکوژەکە بەهۆی تووڕەیی لەوەی پۆستێکی حکومی پێنەدرابوو، تەقەی گارفیڵد کرد، دوای دوو مانگ مانەوە لە نەخۆشخانە، گیانی لەدەستدا.
سێیەم: ویلیام مەکینلی، لە شەشی ئەیلوولی 1901 لە لایەن کەسیکەوە لە پێشانگای پان-ئەمێریکان لە بوفالۆ، نیویۆرک تەقەی لێکرا، دوای مانەوەی بۆ هەشت ڕۆژ لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا.
چوارەم: جۆن کەنەدی لە 22ـی تشرینی دووەمی 1963، کاتێک لەنێو ئۆتۆمبێلە تایبەتەکەیدا بوو لە دالاسی تێکساس، لەلایەن کەسێکەوە لە دوورەوە تەقەی لێکرا و کوژرا.