ئێران دەیەوێت نەوت بەشێوەی قاچاغ ڕەوانەی بازاڕەکانی جیهان بکات

لە کاتێکدا گەمارۆ دەریاییەکانی سەر ئێران لەوپەڕی توندیدان، چالاکییە نهێنییەکانی گواستنەوەی نەوتی ئەو وڵاتە لە ڕێگەی کەشتییە سێبەرەکانەوە، دووبارە بووەتەوە باسی گەرمی میدیا جیهانییەکان.

ماڵپەڕی تانکەر و نەوتی ئێران

ماڵپەڕی TankerTrackers، کە تایبەتە بە چاودێری جووڵەی دەریایی، چەند وێنەیەکی مانگە دەستکردەکانی بڵاوکردووەتە و باس لە بارکردنی بڕێکی زۆری نەوتی ئێران دەکات لە دوورگەی خارگ.

ئۆپەراسیۆنی دوورگەی خارگ؛ 6 ملیۆن بەرمیل نەوت

بەپێی وێنەکانی مانگە دەستکردەکان، سێ کەشتی نەوتهەڵگری زەبەلاح لە جۆری VLCC لە بەندەری دوورگەی خارگ بینراون کە سەرقاڵی بارکردنی نەوت بوون، کە هەر کەشتییەک توانای هەڵگرتنی دوو ملیۆن بەرمیل نەوتی هەیە.

ناسنامەی کەشتییەکان

دوو لە کەشتییەکان ئاڵای فەرمی ئێرانیان لەسەر بووە، لەکاتێکدا سێیەمیان وەک “کەشتی سێبەر” (Shadow Tanker) کار دەکات بۆ شاردنەوەی سەرچاوەی نەوتەکە و دەربازبوون لە سزاکان، هەروەها تاوەکو ئێستا شوێنی مەبەستی ئەم کەشتیانە نادیارە، ئەمە گومانەکان لەسەر فرۆشتنی نەوتەکە بە شێوەی قاچاخ لە بازاڕە نێودەوڵەتییەکاندا زیاد دەکات.

گەمارۆدانی کەشتییە ئێرانییەکان لە ئاوەکانی پاکستان

ڕاپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات کە چوار کەشتی دیکەی نەوتهەڵگری ئێران لە ناوچەی ئابووریی تایبەت (EEZ)ـی پاکستان گیریان خواردووە، ئەم کەشتیانە پێش سەپاندنی گەمارۆ دەریاییە نوێیەکانی ئەمریکا سنووری ئێرانیان جێهێشتبوو، نەوتیان بۆ سەنگافورە و مالیزیا گواستبووەوە، بەهۆی توندبوونی چاودێرییەکان لە گەرووی هورمز، کەشتییەکان ناتوانن بگەڕێنەوە ناو سنوورە ئاوییەکانی ئێران و لە چاوەڕوانیدا ماونەتەوە.

ئاڵۆزییە سیاسییەکان؛ ترەمپ و پەککەوتنی دانوستانەکان

ئەم پەرەسەندنە دەریاییانە هاوکاتن لەگەڵ بنبەستی سیاسی نێوان تاران و واشنتن. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، ڕایگەیاند کە دانوستانەکان ڕاگیراون و فەرمانی بە شاندی دانوستانکاری وڵاتەکەی کردووە کە سەردانی وڵاتی پاکستان نەکەن و دەستبەجێ بگەڕێنەوە بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.

چالاکییە نوێیەکانی ئێران لە دوورگەی خارگ و پەککەوتنی کەشتییەکانی لە ئاوەکانی پاکستان، نیشاندەری شکستی هەوڵە دیپلۆماسییەکان و دەسپێکردنی قۆناغێکی توندتری ڕووبەڕووبوونەوەی ئابوورییە. لەکاتێکدا ئێران هەوڵ دەدات لە ڕێگەی کەشتییە سێبەرەکانەوە شەش ملیۆن بەرمیل نەوت ڕەوانەی دەرەوە بکات، گوشارە نێودەوڵەتییەکان لەسەر ڕێڕەوە دەریاییەکان گەیشتوونەتە ئاستێک کە گەڕانەوەی کەشتییەکان بۆ ناوخۆی وڵاتەکە بووەتە کارێکی مەحاڵ.

وێنەی کەشتییەکان لە دوورگەی خارگ

ھەواڵی زیاتر