وەزارەتی پێشمەرگە ڕایگەیاند، ئەمڕۆ یەکشەممە 26ی نیسانی 2026، دەست بە دابەشکردنی هاوکارییە داراییەکانی هاوپەیمانان بۆ هێزەکانی پێشمەرگە دەکرێت.
لە ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتەکەدا هاتووە: دوای ئەوەی هاوکاریی دارایی مانگی 3 خرایە سەر هەژماری وەزارەت، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بوودجە و بەرنامەکان (ژمێریاریی سەربازی) تەواوی ڕێکارە دارایی و ژمێریارییەکانی بۆ ئەم مەبەستە کۆتایی پێهێناوە.
دوای شەڕی دژی داعش لە ساڵی 2014، هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بڕیاری دا هاوکاری سەربازی و دارایی پێشکەش بە پێشمەرگە بکات. ئامانجی سەرەکی ئەم هاوکاریانە بریتییە لە پشتیوانیکردنی پێشمەرگە لە پاراستنی سەقامگیریی ناوچەکە، هەروەها یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە لەژێر چەتری وەزارەتەکەدا.