گەرووی هورمز پێویستی بە شەش مانگە تا لە مین پاک دەبێتەوە
وەزارەتی جەنگی ئەمەریکا ڕایگەیاند؛ ئەگەر جەنگ لە ناوچەکەش کۆتایی بێت، پڕۆسەی پاککردنەوەی گەرووی هورمز پێویستی بە شەش مانگە تا پاک دەبێتەوە.
پیش جەنگ گەرووی هورمز رۆژانە نزیکەی 21%ـی نەوتی جیهان بەو گەرووەدا تێدەپەڕین، ئەمەش بووەتە یەکێک لە گرنگترین ڕێڕەوە بازرگانییەکان و هۆکارێکی سەرەکیشە لە بەرز و نزمی نرخی نەوت.
رۆژنامەی “واشنتن پۆست” دەڵێت؛ وەزارەتی جەنگی ئەمریکا (پێنتاگۆن) بە کۆنگرێسی راگەیاندووە، پاککردنەوەی گەرووی هورمز لەو مینانەی لەلایەن ئێرانەوە چێنراون، شەش مانگی پێویستە.
ئەندامە کۆماری و دیموکراتەکانی نیگەران بوون لەوەی دوای رێککەوتنێکی ئاشتیش لە نێوان ئەمریکا و ئێران، نرخی نەوت و گاز بە بەرزی بمێنێتەوە، ئەمەش دوای ئەوە دێت کە بەرپرسێکی باڵای پێنتاگۆن لەگەڵ ئەندامانی لیژنەی خزمەتگوزاریی سەربازیی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا، باسی لە ماوەی پاککردنەوەی گەرووەکە کردووە کە ماوەیەکی زۆری دەوێ.
ئەو بەرپرسەی پێنتاگۆن ئاشکراشی کردووە، بە کۆنگرێس گوتراوە ئێران زیاتر لە 20 مینی لە گەرووی هورمز و دەوروبەری چاندووە، هەندێکیان بە بەلەمی بچووک چێنراون و هەندێکی دیکەشیان بەهۆی سیستمی “جی پی ئێس”ـەوە ئاراستە کراون.