هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ ڕێگری لە پەرەسەندنی گرژییەکانی نێوان واشنتن و تاران بەردەوامن

لە هەنگاوێکی چارەنووسسازدا بۆ دوورکەوتنەوە لە ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی، بڕیارە پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە، جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بگاتە پایتەختی پاکستان. 

ئەم گەشتە دوای ئەوە دێت کە ڕێبەری باڵای ئێران ڕەزامەندیی نیشاندا بۆ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکان لەگەڵ لایەنی ئەمریکی.

هەڕەشەکانی ترەمپ و درێژکردنەوەی وادەی ئاگربەست

بەپێی ڕاپۆرتێکی ئەکسیۆس، ئەم گەڕەی دانوستانانە لەژێر سێبەری هەڕەشە توندەکانی دۆناڵد ترەمپدا بەڕێوەدەچێت. ترەمپ هۆشداریی داوە ئەگەر نەگەنە ڕێککەوتن، هەڵمەتێکی فراوانی بۆردوومانکردن بۆ سەر ژێرخانە هەستیارەکانی ئێران، لەوانە پرد و وێستگەکانی کارەبا، دەست پێ دەکات.

لەگەڵ ئەوەی گەییشتن بە ڕێککەوتنێکی گشتگیر لە ماوەیەکی کورتدا بە کارێکی ئەستەم دەبینرێت، بەڵام ترەمپ نەرمی نواندووە و بۆ ماوەی 24 کاتژمێر وادەی ئاگربەستەکەی درێژ کردووەتەوە. بەوەش وادەی کۆتایی هاتنی ئاگربەستەکە لە بەرەبەیانی چوارشەممەوە بۆ بەرەبەیانی پێنجشەممە دواخراوە، تاوەکو دەرفەتی زیاتر بدرێت بە دیپلۆماسییەت.

پڕۆسەی ناردنی شاندی ئێرانی بۆ ئیسلام ئاباد بێ ئاستەنگ نەبووە. سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە سوپای پاسداران فشارێکی زۆری خستووەتە سەر دانوستانکاران تاوەکو سوور بن لەسەر مەرجی “کۆتاییهێنان بە گەمارۆکان” پێش دەستپێکردنی هەر گفتوگۆیەک. سەرەنجام بە نێوەندگیریی وڵاتانی ناوچەکە و دوای وەرگرتنی گڵۆپی سەوز لە لایەن ڕێبەری باڵای ئێرانەوە، تاران بڕیاری بەشداریکردنی لە دانوستانەکاندا دا.

شاندی ئەمریکی بە سەرۆکایەتیی جەی دی ڤانس دەبێت و هەمان تیمی گەڕی پێشوو دەبن کە پێکهاتوون لە:

جارێد کوشنەر

ستیڤ ویتکۆف

سەبارەت بە لایەنی ئێرانی، تاوەکو ئێستا ڕوون نییە کە ئایا تاران بە هەمان شاندی پێشوو بەشداری دەکات یان گۆڕانکاری لە ئەندامانی تیمەکەیدا ئەنجام دەدات.

ھەواڵی زیاتر