پێشەوا هەورامانی؛ سەرۆکی حزبێک خەریکی چەواشەکارییە

گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا سەرۆکی حزبێکی بە چەواشەکار تۆمەتبار کرد و جەختی لەوە کردەوە هەوڵەکان بۆ دوو ئیدارەیی شکستیان هێناوە. هەروەها راستیی ناردنی چەک لەلایەن ئەمریکاوە بۆ هەر لایەنێک بێت درەنگ یان زوو ئاشکرا دەبێت و پێویست ناکات هیچ لایەنێک بۆ شاردنەوەی گومانەکان لەسەر خۆی، لایەنی دیکە تۆمەتبار بکات.

پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیندراوێکدا گوتی؛ لەمیدیاکانەوە سەرۆکی حزبێک باسی ئەوەی کردووە کە هەرێمی کوردستان دوو ئیدارەییە و هەروەها لەپەیوەندی بە دەنگۆی ناردنی چەکی ئەمەریکی کۆمەڵێک چەواشەکاری کردوون.

پێشەوا هەورامانی ئاماژەی بەوەشدا: لای هەمووان روونە حکوومەتی هەرێمی کوردستان حکوومەتێکی دەستووری دانپێدانراوی فیدراڵییەو بەرهەمی خوێنی شەهیدان و خەبات و رەنجی خەڵکی کوردستانە. هەرچەندە هەوڵی بەردەوام هەبوون بۆ بەدوو ئیدارەیی کردنی، بەڵام رێگا بەوە نادەین و ئەو هەوڵە سەرناگرێت.

لەبارەی ئەو چەکانەی گوایە ئەمەریکا بۆ کوردی ناردوون، سەرۆکی ئەو حزبە لە میدیاکانی خەریکی چەواشەکارییە و لایەنی دیکە تاوانبار دەکات. ئەگەر ئەمەریکییەکان چەکیان بە لایەنێک دابێت خۆیان دەزانن بە چ لایەنێکیان داوە و درەنگ یان زوو راستییەکەی بۆ هەموو لایەک روون دەبێتەوە.

دەشڵێت: سەرۆکی ئەو حزبە مافی ئەوەی نییە لە جیاتی دەزگا فەرمیەکان قسە بکات و قسەکانیشی ناڕاست بن و چاوەرێ بێت بەم شێوەیە گومان لە سەر خۆی و دارو دەستەکەی لا ببات.

ھەواڵی زیاتر