ئەمریکا دەستی بەسەر کەشتییەکی بارھەڵگری ئێرانیدا گرت

فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا (سێنتکۆم) ڕایگەیاند، هێزە دەریاییەکانیان کۆنتڕۆڵی کەشتییەکی بارھەڵگری ئێرانییان کردووە کە هەوڵیدابوو گەمارۆ دەریاییەکەی ئەمریکا بشکێنێت.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی فەرمی، کەشتیی جەنگیی USS Spruance ڕێگری لە کەشتیی بارھەڵگری “تۆسکا” کردووە کە بە ئاڵای ئێرانەوە و بە خێرایی 31.5 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا بەرەو بەندەر عەباس لە جووڵەدا بووە. دوای ئەوەی ستافی کەشتییەکە گوێیان بە هۆشدارییەکانی ئەمریکا نەداوە، هێزە دەریاییەکان ڕێکاری سەربازییان بەرامبەر گرتووەتە بەر.

پەکخستنی بزوێنەری کەشتییەکە و دەستبەسەرداگرتنی

سێنتکۆم ئاشکرای کرد کە بۆ ناچارکردنی کەشتییەکە، USS Spruance بە گولـلەی جۆری MK 45  ژووری بزوێنەری “تۆسکا”ی پێکاوە و پەکیخستووە. دەستبەجێ دوای وەستانی، هێزەکانی مارێنزی ئەمریکا (یەکەی 31ی ناردنی خێرا) چوونەتە سەر کەشتییەکە و بە تەواوی کۆنتڕۆڵیان کردووە.

گەمارۆ دەریاییەکەی ئەمریکا

بەرپرسانی سەربازیی ئەمریکا جەخت دەکەنەوە ئەم هەنگاوە بۆ چەسپاندنی گەمارۆ دەریاییەکە بووە. لە کاتی ڕاگەیاندنی گەمارۆ دەریاییەکەوە لە 13ی نیسان، ئەمریکا توانیویەتی: رێگری لە 25 کەشتیی بازرگانی بکات و کەشتییەکانی ناچار کردووە بگەڕێنەوە یان ڕوو لە بەندەرەکانی دەرەوەی ئێران بکەن.

پاشخانی ڕووداوەکان

ئەم گەمارۆیە دوای ئەوە دێت کە 28ـی شوباتی 2026، گرژیی سەربازی لە نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران دروستبوو، تێیدا ئێران وەک وەڵامێک گەرووی هورمزی داخست. واشنتن دەڵێت تا ئەو کاتەی تاران گەرەنتی کردنەوەی گەرووەکە نەکات، ڕێگری لە هەر کەشتییەک دەکەن بگاتە بەندەرەکانی ئێران.

ھەواڵی زیاتر