هەرێمی کوردستان ڕازی نابێت نادادپەروەری بەرامبەر جووتیاران بکرێت

وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە نووسراوێکدا بۆ سەرۆکوەزیرانی عێراق، ناڕەزایەتی نیشانداوە و بە نادادپەروەری باسی لەو بڕە گەنمە کردووە کە بڕیارە بۆ وەرزی 2025-2026 لە جووتیارانی هەرێم وەربگیرێت، کە بڕێکی زۆر کەمە.

وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێم باس لەوە دەکات کە لیژنەی تایبەتمەند لە بەغدا پێشنیاری کردووە بڕی 3 ملیۆن و 800 هەزار تۆن گەنم لە پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشوور وەربگیرێت، لە بەرانبەردا تەنیا 292 هەزار تۆن بۆ پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان دیاریکراوە، ئەمەش لە لایەن نوێنەرانی هەرێمەوە بە نادادپەروەرانە وەسف کراوە و ڕەتیانکردووەتەوە.

لەمبارەیەوە، هیوا عەلی گوتەبێژی وەزارەتی کوشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاندن؛ لە بەرانبەر ئەو نادادپەروەرییەی لە پرۆسەی وەرگرتنی گەنم دەرحەق بە جووتیارانی هەرێم کراوە، وەزارەتی کشتوکاڵ نووسراوێکی فەرمی ئاڕاستەی سەرۆکوەزیرانی عێراق کردووە، کە تیایدا ناڕەزایەتی خۆمان دەربڕیوە دژ بەو بڕیارەی کە لیژنەی باڵای کشتوکاڵی عێراق لە بارەی بڕی وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی هەرێم بۆ ئەمساڵ داویەتی. 

گوتیشی؛ ئەگەر حکوومەتی فیدراڵ بڕی پێویستی گەنم لە جووتیارانی هەرێم وەرنەگرێت، جووتیاران ناچار دەبن بەرهەمەکانیان بە نرخێکی زۆر هەرزان بە بازرگانان بفرۆشن، بازرگانەکانیش هەمان گەنم دەبەنەوە ناوەڕاست و باشووری عێراق و بە نرخی گران بە سایلۆکانی حکوومەت دەیفرۆشنەوە، کە ئەمەش زیانی گەورە لە جووتیارانی هەرێم دەدات. ئاماژەی بەوەشکردووە “داوامان لە حکوومەتی عێراق کردووە، لانیکەم 50%ـی کۆی بەرهەمی پێشبینیکراوی هەرێم کە دەکاتە 1 ملیۆن و 250 هەزار تۆن گەنم وەربگرێت”

ئەم داواکارییەی وەزارەتی کشتوکاڵ لە کاتێکدایە، ئەمساڵ رووبەری 3 ملیۆن و 300 هەزار دۆنم زەوی لە هەرێمی کوردستان بە گەنم چێندراوە و جووتیاران چاوەڕێی پاڵپشتی حکوومەت دەکەن بۆ ساغکردنەوەی بەرهەمەکانیان، ئەمساڵ بەهۆی بارانبارینی زۆر و گونجاو لە نێوان 600 بۆ 1000 ملم، پێشبینی دەکرێت بەرهەمی گەنمی هەرێم بگاتە زیاتر لە 2 ملیۆن و 500 هەزار تۆن.

ھەواڵی زیاتر