لاهور شێخ جەنگی و پۆڵاد شێخ جەنگی مانگرتنیان لە خواردن راگەیاند

سەرۆکی حیزبی بەرەی گەل رایدەگەیەنێت، ئەو و پۆڵاد شێخ جەنگی لە ئەمڕۆوە دەست بە مانگرتن لە خواردن دەکەن و دەشڵێت: “8 مانگە دوور لە هەموو عورفێکی دامەزراوەیی و یاسایی بەناحەق زیندانی کراوین.”

لاهور شێخ جەنگی، سەرۆکی حیزبی بەرەی گەل لە پەیامێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، تاوەکو ئێستا چاوەڕێیان کردووە دادگا رێڕەوی یاسایی خۆی بگرێت، بەڵام وەک ئەو دەڵێت: “دیارە فشاری بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە دادگا و دامەزراوەکان رێگرە لەوەی دۆسیەی سیناریۆکانی خۆیان بچێتە دادگای تەمیز.”

سەرۆکی حیزبی بەرەی گەل بڕیاری خۆی و پۆڵاد شێخ جەنگی ئاشکرا کرد و گوتی: “پێکەوە بڕیارمان داوە لە ئەمڕۆوە مان لە خواردن بگرین تا ئەو کاتەی سەروەریی یاسا لە دۆسیەکەماندا بەدی دەکەین.”

لاهور شێخ جەنگی رەخنەی تووند لە سەرکردایەتیی یەکێتی دەگرێت و دەڵێت: “بۆ هەڵماڵینی سیناریۆکانی ئێوە جارێکی دیکە ئامادەین سەرکێشی بە ژیانی خۆمانەوە بکەین، تاوەکو هەمووان بزانن کە ئێوە هیچ رۆڵێکتان بۆ دادگا و دامەزراوەکانی سلێمانی نەهێشتووەتەوە.”

لاهور شێخ جەنگی و پۆڵاد شێخ جەنگی، کە پێشتر لە ناو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا بەرپرسیارێتیی باڵایان هەبوو، دوای رووداوەکانی 8ـی تەممووزی 2021 و دروستبوونی کێشە ناوخۆییەکانی ئەو حیزبە، لە پۆستەکانیان دوورخرانەوە. دواتر لاهور شێخ جەنگی حیزبی “بەرەی گەل”ـی دامەزراند. لە چەند مانگی رابردوودا بە تۆمەتی جیاواز دەستگیر کران و ئێستا لە زینداندان. لایەنی بەرامبەر تاوەکو ئێستا بە فەرمی وەڵامی ئەم تۆمەتانەی لاهور شێخ جەنگییان نەداوەتەوە.

ھەواڵی زیاتر