حیزبوڵڵای عێراق: ئاسایشی باڵیۆزخانەی ئەمریکا مەرجدارە و دەستوەردان لە دیاریکردنی سەرۆکوەزیراندا دەکەین
ئەبو موجاهید عەساف، بەرپرسی ئەمنیی کەتائیبی حیزبوڵڵای عێراق، زنجیرەیەک پەیامی توندی ئاڕاستەی لایەنە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان کرد، تێیدا هەڵوێستی گرووپەکەی لەسەر پرسە سەربازی و سیاسییەکان ڕاگەیاند.
پرسی ئەمنی و باڵیۆزخانەی ئەمریکا
عەساف ڕایگەیاند پاراستنی ئاسایشی باڵیۆزخانەی ئەمریکا و کارمەندەکانی پەیوەستە بەوەی هێزەکانی ئەمریکا هیچ ناوچەیەکی نیشتەجێبوون نەکەنە ئامانج. تەوەری سەرەکی پەیامە ئەمنییەکانی بریتی بوون لەوەی کەتائیبەکە دەیەوێت هەژمونی ئەمریکا لە نێو وەزارەتەکانی عێراقیدا کۆتایی پێ بهێنێت و ڕێگری لە هەبوونی هێزی بیانی بکەن لەناو عێراقدا، هەروەها داوای هەماهەنگیی زیاتری لە نێوان هێزەکانی بەرەی مقاوەمە کرد بۆ کردنەوەی بەرەی نوێ دژ بە ئەمریکا.
هەڵوێست لەسەر جەنگ و ئاگربەست
بەرپرسە ئەمنییەکەی کەتائیب ئاماژەی بەوە کرد کە خۆڕاگرییان لە جەنگێکی 40 ڕۆژەدا، ئەمریکا و ئیسرائیلی ناچار بە پاشەکشە و قبوڵکردنی ڕێککەوتنی ئاگربەست کردووە. ئەو ئەم قۆناغە نوێیەی پەرەسەندنە سەربازییانەی وەک قوتابخانەیەکی نوێ لە جەنگدا ناوبرد.
مەرجە سیاسییەکان و پرسی سەرۆکوەزیران
کەتائیبی حیزبوڵڵا هێڵە سوورەکانی بۆ پێکهێنانی حکومەتی داهاتوو دیاری کرد و ڕایگەیاند، ئەگەر چوارچێوەی هەماهەنگی نەیتوانی مالیکی یان سوودانی تێپەڕێنن، دەبێت سەرۆکوەزیرانی داهاتوو لە ناو فراکسیۆنەکانی ئەواندا دیاری بکرێت و جەختی کردەوە کە ڕێگە نادەن هیچ تاقم یان گرووپێکی دیاریکراو دەست بەسەر هەر چوار سەرۆکایەتییەکەدا بگرێت.
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیێنراوەکەدا، عەساف هۆشدارییەکی توندی ئاڕاستەی حکومەتی کوەیت کرد، ناڕەزایەتیی خۆی بەرامبەر بەو ڕەفتارانە دەربڕی کە بەرامبەر بەشێک لە هاووڵاتیانی ئەو وڵاتە ئەنجام دەدرێن.