ئاگرەبەستێکی 10 ڕۆژە لەنێوان لوبنان و ئیسرائیل ڕاگەیەنرا
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، گەیشتنە ڕێککەوتنی ئاگربەستێکی کاتیی ١٠ ڕۆژەی لە نێوان ئیسرائیل و لوبنان ڕاگەیاند. ترەمپ ئاشکرای کرد کە تیمێکی باڵای ئیدارەکەی ڕاسپاردووە تاوەکو کار بۆ گۆڕینی ئەم ئاگربەستە بۆ ئاشتییەکی هەمیشەیی بکەن.
ڕۆژی پێنجشەممە، ١٦ی نیسانی ٢٠٢٦، دۆناڵد ترەمپ لە ڕێگەی پلاتفۆرمی “تروس سۆشیاڵ”ەوە بڵاویکردەوە، کە دوای زنجیرەیەک گفتوگۆی چڕ لەگەڵ جۆزێف عەون، سەرۆکی لوبنان و بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، هەردوولا ڕەزامەندییان نیشانداوە لە سەعات ٥:٠٠ی ئێوارەی ئەمڕۆ بەکاتی واشنتن (١٢:٠٠ی شەو بەکاتی هەولێر) شەڕ ڕابگرن.
ئەم پێشوەچوونە دیپلۆماسییە دوای ئەوە دێت کە سێشەممەی ڕابردوو، نوێنەرانی هەردوو وڵات دوای دابڕانێکی ٣٤ ساڵە، لە واشنتن لەگەڵ مارکۆ ڕۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کۆبوونەوە.
ترەمپ ئاماژەی بەوە کردووە کە جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆک، مارکۆ ڕۆبیۆ، وەزیری دەرەوە و جەنەراڵ دان کەین، سوپاسالاری ئەمریکای ڕاسپاردووە بۆ ئەوەی ڕاستەوخۆ لەگەڵ لایەنەکان کار بکەن بۆ نەخشەڕێگەی ئاشتییەکی بەردەوام. ترەمپ بە شانازییەوە نووسیویەتی: “ئەمە دەیەمین جەنگە لە جیهاندا کە چارەسەری دەکەم، با پێکەوە ئەنجامی بدەین.”
ئەم ئاگربەستە دوای پێنج هەفتە لە جەنگێکی خوێناوی دێت کە بەپێی ئامارەکانی ئاژانسی “فرانس پرێس”، بووەتە هۆی کوژرانی زیاتر لە ١,٩٥٠ کەس و ئاوارەبوونی ملیۆنێک و ٢٠٠ هەزار هاووڵاتی لوبنانی.
ڕاگەیاندنی ئەم ئاگربەستە لە کاتێکدایە کە هەوڵەکانی “پڕۆسەی ئیسلامئاباد” بۆ ئاشتی لە نێوان واشنتن و تاران گەیشتبووە بنبەست. هەرچەندە پێشتر ئێران ئەمریکای بە هاندانی بەردەوامیی جەنگ تۆمەتبار دەکرد، بەڵام ئەم هەنگاوە نوێیەی ترەمپ وەک سەرکەوتنێکی گەورەی دیپلۆماسی بۆ کۆشکی سپی لە قەڵەم دەدرێت.