وتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان رایدەگەیەنێت، سەقامگیریی وڵات بەندە بە دابینکردنی مافە رەواکانی پێکهاتەکان و دەشڵێت: “دژی ئەو سەفەقاتانە بووین کە لە هۆتێل رەشید بەسەر کەرکووکدا سەپێندران.”
مەحموود محەممەد، وتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان، رۆژی 14ـی نیسانی 2026 لە راگەیەندراوێکدا سەبارەت بە بارودۆخی کەرکووک رایگەیاند: “ئێمە لە پارتی وەک هەمیشە پاڵپشتی لە مافی پێکهاتەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان دەکەین و بەوپەڕی راشکاوییەوە رایدەگەیێنین کە سەقامگیری و پێشکەوتنی وڵاتەکەمان بەندە بە دابینکردنی مافە رەواکانی تەواوی پێکهاتە نەتەوەیی، ئایینی و ئایینزاکان.”
وتەبێژی پارتی ئاماژەی بەوە کرد کە کەرکووک مەڵبەندی پێکەوەژیانی تەواوی پێکهاتەکانە و رەخنەی لە رێککەوتنە سیاسییەکانی رابردوو گرت و گوتی: “هەڵوێستی پارتیمان روون و ئاشکرایە و دژی ئەو سەفەقاتانە بووین کە بەدەر لە نیازپاکی لە هۆتێل رەشید، بەبێ بەشداریی لایەنە سیاسییەکانی نوێنەری خەڵکی کەرکووک، بەسەر ئەو شارەدا سەپێندران. ئەم بارودۆخەی ئێستاش لێکەوتە و درێژەپێدەری ئەو سەفەقاتانەیە.”
مەحموود محەممەد جەختی لەوە کردەوە کە پارتی قوربانیی زۆری لە پێناو کەرکووک و خەڵکەکەیدا داوە و هەموو هەوڵەکانیان بۆ سەربەرزیی هاووڵاتیان بووە. راشیگەیاند: “لەگەڵ ئەو بڕیار و راسپاردانەدا دەبین کە بە هاوبەشیی هەموو لایەنە سیاسییەکان و نوێنەرانی پێکهاتەکان بدرێن.”