بەریتانیا هێرشەکەی سەر ماڵی نێچیرڤان بارزانی سەرکۆنە دەکات؛ “هەرێمی کوردستان نابێتە بەشێک لە جەنگ”

ئیڤێت کووپەر، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بە تووندی سەرکۆنەی هێرشە درۆنییەکەی سەر ماڵەکەی لە دهۆک کرد و جەختی لە پابەندیی وڵاتەکەی بۆ پاراستنی ئارامیی هەرێمی کوردستان کردەوە.

ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە 29ی 3ی 2026، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە ئیڤێت کووپەر، وەزیری دەرەوەی بەریتانیاوە پێگەیشت.

بەپێی ڕاگەیێندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، لەو پەیوەندییەدا وەزیری دەرەوەی بەریتانیا بە تووندی هێرشەکانی سەر هەرێمی کوردستان و بەتایبەتی هێرشە درۆنییەکەی دوێنێی سەر ماڵی نێچیرڤان بارزانی لە دهۆک سەرکۆنە کرد. هەروەها هاوخەمی و هاوسۆزیی خۆی بۆ کەسوکاری ئەو پێشمەرگانە دەربڕی کە لە هێرشەکانی ئەم دواییەی سەر هەرێمی کوردستاندا شەهید و بریندار بوون.

پەیامی بەریتانیا بۆ هەرێمی کوردستان

ئیڤێت کووپەر جەختی کردەوە کە بەریتانیا بە بایەخێکی زۆرەوە لە ئارامی و سەقامگیریی عێراق و هەرێمی کوردستان دەڕوانێت و پابەندیی وڵاتەکەشی بۆ بەردەوامیی هاوکاری و پشتگیرییەکان بۆ هەرێمی کوردستان دووپاتکردەوە.

نێچیرڤان بارزانی: نابینە بەشێک لە جەنگ

لای خۆیەوە، سەرۆک نێچیرڤان بارزانی سوپاسی پەیوەندییەکەی وەزیری دەرەوەی بەریتانیا و پشتگیرییەکانی ئەو وڵاتەی کرد بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان. بارزانی هەڵوێستی هەرێمی کوردستانی لەبارەی ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە ڕاگەیاند و دووپاتی کردەوە کە “هەرێمی کوردستان هەرگیز بەشێک نەبووە و نابێتە بەشێک لە جەنگ.”

هەر لەو پەیوەندییەدا، هەردوولا بیروڕایان گۆڕییەوە دەربارەی پرۆسەی سیاسی لە عێراق و هەرێمی کوردستان و لێکەوتەکانی شەڕی ناوچەکە لەسەر ئاستی جیهان. جەختیشیان لە گرنگیی دۆزینەوەی چارەسەری ئاشتییانە و چڕکردنەوەی هەوڵە دیپلۆماسییەکان کردەوە بۆ ئەوەی کۆتایی بە شەڕ و ئاڵۆزییەکان بهێنرێت.

ھەواڵی زیاتر