سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بە توندی سەرکۆنەی ئەو هێرشە درۆنییە دەکات کە کرایە سەر شوێنی نیشتەجێبوونی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پارێزگای دهۆک و داوای لێکۆڵینەوەی بەپەلە دەکات.
گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، ئانتۆنیۆ گۆتێرێز، بە توندی سەرکۆنەی ئەو هێرشە دەکات کە لە ڕێکەوتی 28ی ئازاردا لە ڕێگەی درۆنەوە کرایە سەر ماڵی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە سنووری پارێزگای دهۆک.
لە بەیاننامەکەدا هاتووە، سکرتێری گشتی داوای لێکۆڵینەوەیەکی خێرا و ورد بۆ هێرشەکە دەکات و جەخت دەکاتەوە کە پێویستە ئەنجامدەرانی ئەو کارە ڕووبەڕووی یاسا بکرێنەوە و سزا بدرێن.
هاوکات، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان داوا لە سەرجەم لایەنەکان دەکات کە هەموو جۆرە توندوتیژییەک ڕەت بکەنەوە و کار بکەن بۆ ڕێگریکردن لە هەر هەوڵێک کە ئامانج لێی تێکدانی سەقامگیریی عێراق بێت.