دانا ئەحمەد مەجید، رێکخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان سەرکۆنەی هێرشە درۆنییەکەی سەر ماڵی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکات و دەڵێت، پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان ئەرکێکی نیشتمانیی هەموو لایەکە.
ئەمڕۆ شەممە، 28-03-2026، دانا ئەحمەد مەجید، رێکخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان لە پەیامێکدا کە ئاراستەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانی کردووە، رایگەیاند: “بە تووندی سەرکۆنەی ئەو هێرشە درۆنییە دەکەین کە کرایە سەر ماڵی بەڕێزتان لە شاری دهۆک.”
رێکخەری گشتیی گۆڕان ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەم جۆرە پەرەسەندنە مەترسیدارانە “نیشانەی بەزاندنی ئاشکرای سەروەری و تێکدانی ئاسایشی گشتین.” هۆشداریش دەدات کە ئەگەر بە کردەیی سنوورێک بۆ ئەم دەستدرێژییانە دانەنرێت، “دەرگای پەرەسەندنی خراپتر بە ڕووی ناوچەکەماندا دەکرێتەوە.”
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، دانا ئەحمەد مەجید جەختی لەوە کردووەتەوە کە “پاراستنی قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان و دامەزراوەکانی، ئەرکێکی نیشتمانیی هەموو لایەکمانە.”
رێکخەری گشتیی گۆڕان پشتیوانیی خۆشی بۆ هەنگاوەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی دەربڕیوە بۆ ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە و دۆزینەوەی ئەنجامدەرانی ئەو هێرشەی کرایە سەر شاری دهۆک.