لەبارەی داڕمانی پۆندێکەوە دڵنیایی دەدرێت

بەڕێوبەرایەتیی ئاودێریی هەولێر ڕوونکردنەوەیەک سەربارەت بە داڕمانی بەشێکی نێوان سەرڕێژ و لاشەی پۆندی دارەتوو بڵاو دەکاتەوە.

دەقی ڕاگەیەندراوەکە:

دوای بەدواداچوونی پارێزگاری هەولێر بۆ ئەو دەنگۆیانەی لەبارەی پۆندی دارەتوو بڵاوکرانەوە، بە پێویستی دەزانین ئەم ڕوونکردنەوەیە بۆ ڕای گشتی بڵاو بکەینەوە:

یوکەم: پۆندی دارەتوو لە قۆناغی جێبەجێکردندایە و هێشتا کارەکانی بەکۆتا نەهاتووە، ڕێژەی ئەنجامدانی پڕۆژەکە تەنها 78%ـە.

دووەم: بەهۆی ئەو بارانە زۆرەی ڕێکەوتی 26ـی 3 باری، بڕێکی یەکجار زۆر ئاو ڕووی لە پۆندەکە کرد. هاوکات بەنداوی چەمرگەش بەهۆی پڕبوونی حەوزەکەیەوە، دەرچەی خوارەوەی  کرابووەوە و لە سەرڕێژەکەشیەوە ئاوی لێ دەچوو، ئەمەش بڕی ئاوەکەی زیاتر کرد.

سێیەم: بەهۆی ئەوەی پڕۆژەکە تەواو نەببوو و هەندێک بڕگەی بەهۆی بارودۆخی دارایی مابوون، بارانە لێزمەکە بووە هۆی داڕمانی بەشێکی نێوان سەرڕێژ و لاشەی پۆندەکە.

چوارەم: جەخت دەکەینەوە کە لاشەی سەرەکی پۆندەکە هیچ زیان و داڕمانێکی تێدا نییە. بڕی ئەو ئاوەی لە حەوزەکەوە بەرەو خوارووی پۆندەکە دەچوو، تەنها بەقەد بڕی ئاوی سەرڕێژەکە بووە، بۆیە هیچ مەترسی و زیانێکی بۆ ناوچەکانی خواروو دروست نەکردووه‌.

لە ئێستادا بەڵێندەر و لیژنەی سەرپەرشتیار ڕاسپێردراون کە دەستبەجێ دوای تەواوبوونی شەپۆلی بارانبارینەکە، بە شێوازێکی ئەندازیاری دەست بە چاککردنەوەی ئەو بەشانە بکەن کە زیانیان بەرکەوتووە.

ھەواڵی زیاتر