ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە 3/17 ، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لە باڵیۆز تۆم باراک، نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ بۆ سووریا و باڵیۆزی ئەمەریکا لە تورکیا پێگەیشت.
لە پەیوەندییەکەدا گفتوگۆ لەبارەی باردۆخی گشتیی هەرێمی کوردستان عێراق و ناوچەکە کرا.
باڵیۆز تۆم باراک، سڵاو و ڕێزی سەرۆک دۆناڵد ترەمپ-ی بە سەرۆکی حکومەت گەیاند و دەستخۆشی لە سەرۆکی حکومەت کرد بۆ ئامادەیی دەربڕینی بۆ هاوکاریکردنی حکومەتی فیدراڵ لە پێناو هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی تورکیا.
سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بەوە دا کە گفتوگۆکان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ بەردەوامە و تیمی هەرێمی کوردستانیشی ڕاسپاردووە کە ئاسانکاری بۆ هەناردەکردنی نەوت بکرێت لە پێناو بەرژەوەندی خەڵک لەم دۆخە سەختەدا.
سەرۆکی حکومەت گوتیشی ئەوەی پێویست بێت لەمبارەیەوە بۆ بەرژەوەندی گشتی دەیکەین و داواشی لە ئەمەریکا کرد کە بەردەوام بێت لە ڕۆڵی چاودێرانەی خۆی لە دانوستانەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لەبارەی پرسی گومرگ و ئابلوقەی بازرگانی.
هەردوولا جەختیان لە پەرەپێدانی هاریکاری و هاوئاهەنگیی بەردەوامی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا لە پێناو ئاشتی و ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکەدا کردەوە.