سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بە توندی سەرکۆنەی ئەو هێرشەی کرد کە کرایە سەر کونسوڵخانەی گشتیی دەوڵەتی ئیمارات لە شاری هەولێر و داوا لە حکوومەتی عێراق دەکات ئەرکی خۆی لە پاراستنی نێردە دیپلۆماسییەکان جێبەجێ بکات.
ئەمڕۆ شەممە، ١٤ی ئاداری ٢٠٢٦، سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا ئاشکرای کرد کە بەهۆی هێرشێکەوە بۆ سەر باڵەخانەی کونسوڵخانەی گشتیی ئیمارات لە هەولێر، دوو پاسەوان بریندار بوون و زیانی ماددی بەر باڵەخانەکە کەوتووە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: “پێویستە حکوومەتی عێراق ڕێگری لە دووبارەبوونەوەی ئەم هێرشانە بكات و ئەنجامدەرانی بدۆزێتەوە و سزایان بدات، تاکوو چیتر ئاسایش و بەرژەوەندییەکانی وڵات نەکەونە مەترسییەوە.”
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان وێڕای خواستنی هیوای زووچاکبوونەوە بۆ برینداران، جەختی کردووەتەوە کە پاراستنی سەقامگیری و نێردە نێودەوڵەتییەکان بەرپرسیارێتییەکی لەپێشینەیە و نابێت ڕێگە بدرێت لایەنە تێکدەرەکان ئاسایشی هەرێم و عێراق بخەنە مەترسییەوە.