ئێران: بنکە مووشەکییەکانمان پارێزراون

ڕەحیم سەفەوی، ڕاوێژکاری باڵای فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئێران، ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی خۆی بۆ شەڕێکی درێژمەودا ئامادە کردووە و ئاماژەی بەوە کرد، هەوڵەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ لاوازکردنی توانای سەربازیی ئێران بێئاکام دەبن.

سەفەوی، کە پێشتر فەرماندەی گشتیی سوپای پاسداران بووە، لە لێدوانێکدا بۆ میدیاکانی وڵاتەکەی ئاشکرای کرد، ئەمریکا و ئیسرائیل پێشبینییان دەکرد شەڕەکە تەنیا 3 بۆ 4 ڕۆژ بخایەنێت و ئێران ناچار بە خۆبەدەستەوەدان بکەن، بەڵام ئەو پلانەی شکستی هێناوە، چونکە تاران ستراتیژی خۆی لەسەر بنەمای شەڕی درێژخایەن داڕشتووە.

سەبارەت بە ئەگەری هێرشکردنە سەر ژێرخانی سەربازیی وڵاتەکەی، ڕاوێژکاری باڵای فەرماندەی گشتی جەختی لەوە کردەوە کە: “بۆردوومانکردنی بنکە مووشەکییەکان لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە، هیچ کاریگەرییەکی لەسەر توانای بەرگریی ئێران نابێت؛ چونکە مووشەکەکانمان لە سەرتاسەری وڵاتدا بڵاوەیان پێکراوە.”

ھەواڵی زیاتر