عێراقچی: روبیۆ دانی بەوەدا نا کە ئەمریکا لە پێناو ئیسرائیل چووەتە ناو جەنگەوە

عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە کاردانەوەیەکدا بەرامبەر لێدوانەکانی مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، واشنتن بە ویستی خۆی و تەنیا لە پێناو پاراستنی ئیسرائیل چووەتە ناو ئەم جەنگەوە.

رۆژی سێشەممە 03-03-2026 وەزیری دەرەوەی ئێران لە پۆستێکدا لە ئێکس ئاماژەی بەوە کرد، قسەکانی روبیۆ سەلمێنەری ئەو راستییەن کە تاران لە مێژە دەیزانێت. عێراقچی وتی: “بەڕێز روبیۆ دانی بەوەدا نا کە هەموومان دەمانزانی؛ ویلایەتە یەکگرتووەکان لە پێناو ئیسرائیل چووە ناو جەنگێکی هەڵبژێردراوەوە. هەرگیز شتێک نەبووە بە ناوی هەڕەشەی ئێرانی.”

عێراقچی هێرشی کردە سەر ئەو لایەنە ئەمریکییانەی کە بە “ئیسرائیل لە پێشینەیە” وەسفیان دەکات و رایگەیاند، رشتنی خوێنی ئەمریکییەکان و ئێرانییەکان لەم جەنگەدا لە ئەستۆی ئەو کەسانەدایە. وەزیری دەرەوەی ئێران گوتیشی: “گەلی ئەمریکا شایەنی ژیان و دۆخێکی باشترن و دەبێت وڵاتەکەیان لەژێر دەستی ئەو کەسانە وەربگرنەوە.”

ئەم وەڵامەی عێراقچی دوای ئەوە دێت مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاندبوو، واشنتن دوای ئەوە بڕیاری هێرشی پێشوەختەی بۆ سەر ئێران دا کە زانی ئیسرائیل بە تەنیا هێرش دەکات، کە ئەمەش دەبووە هۆی ئەوەی ئێران وەک تۆڵە هێرش بکاتە سەر هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا.

ھەواڵی زیاتر