مالیکی و نێردەی ترەمپ کۆدەبنەوە؛ هەوڵێک بۆ ڕەواندنەوەی ناڕەزایەتییەکانی واشنتن
لە هەنگاوێکی سیاسی چاوەڕواننەکراودا، ڕۆژی هەینی 27-02-2026 تۆم باراک، نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ بۆ کاروباری سووریا، لە بەغدا لەگەڵ نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا کۆبووەوە.
کۆبووەنەوەی نێوان مالیکی و تۆم باراک، کاتێکدایە کە مالیکی وەک کاندیدێکی بەهێز بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی داهاتووی عێراق ناوی دەهێنرێت، بەڵام ڕووبەڕووی فشار و تێبینی توندی کۆشکی سپی بووەتەوە.
فشارەکانی ترەمپ و هەڕەشەی سزای دارایی
سەرچاوە ئاگادارەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، چەندین جار دژایەتی خۆی بۆ گەڕانەوەی مالیکی بۆ سەر کورسی دەسەڵات دەربڕیوە. واشنتن هۆشداری داوە کە لە ئەگەری دیاریکردنی مالیکی، ئەگەری سەپاندنی سزای دارایی توند بەسەر عێراقدا هەیە، ئەمەش وای کردووە لایەنە سیاسییەکان بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ دۆخەکە بکەن.
نیشاندانی نیازپاکی لە بەرامبەر واشنتن
کۆبوونەوەکەی مالیکی لەگەڵ تۆم باراک، وەک دەرفەتێک دەبینرێت بۆ ئەوەی ناوبراو نیازپاکی خۆی بۆ ئەمریکا بسەلمێنێت. لە دیدارەکەدا جەخت لە گرنگیی پشتیوانیکردنی ڕەوتی دیموکراسی و سەقامگیریی سیاسی و ناوچەکە کرایەوە، هاوکات ڕێزگرتن لە سەروەریی عێراق بەشێکی دیکوی گفتوگۆکە بوو.
تۆم باراک، نێردەی ترەمپ، ئاماژەی بە گرنگیی ڕۆڵی عێراق کرد لە ڕەچاوکردنی بارودۆخی ناوچەکە و کەمکردنەوەی ململانێکان، پشتیوانیکردنی دیالۆگ و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر.
گرنگی ڕۆڵی تۆم باراک
تۆم باراک کە یەکێکە لە کەسایەتییە هەرە نزیکەکانی ترەمپ، تەنها دۆسیەی سووریای لەدەست نییە، بەڵکو ئەرکی داڕشتنەوەی ستراتیژی نوێی ئەمریکای لە عێراقیش پێسپێردراوە. ئامادەیی ئەو لە بەغدا نیشانەی گۆڕانکارییە لە شێوازی مامەڵەکردنی ئیدارەی نوێی ئەمریکا لەگەڵ کارەکتەرە سیاسییەکانی عێراق.
ستراتیژی ئاشتی لە ڕێگەی هێزەوە
لەگەڵ گەڕانەوەی ترەمپ بۆ کۆشکی سپی، ئەمریکا پەیڕەوی لە ستراتیژی (Peace through Strength) دەکات. لەم چوارچێوەیەدا عێراق وەک خاڵێکی جەوهەری دەبینرێت بۆ:
کەمکردنەوەی گرژییەکانی سووریا.
ڕێگریکردن لە سەرهەڵدانەوەی داعش.
بڕینی سەرچاوە داراییە ناڕەسمییەکانی ئێران لە ناوچەکەدا.