پارێزگاری دیالە، لە میانی سەردانێکی مەیدانیدا بۆ قەزای خانەقین، هەڵوێستی توندی ئیدارەکەی بەرامبەر هەر هەوڵێک بۆ دابەشکردنی سنووری کارگێڕیی قەزاکە یان دروستکردنی قەزای نوێ ڕاگەیاند.
پاراستنی پێکهاتەی مێژوویی خانەقین
پارێزگاری دیالە جەختی کردەوە لەوەی خانەقین بۆ ئەوان هەمان گرنگیی بەعقووبەی ناوەندی پارێزگاکەی هەیە و وتی: خانەقین قەزایەکی دێرینە و پاراستنی پێکهاتە مێژوویی و کۆمەڵایەتییەکەی بە ئەرکێکی نیشتمانی لە قەڵەم دا.
دژایەتیکردنی بڕیارەکەی وەزارەتی پلاندانان
سەبارەت بە هەوڵەکان بۆ گۆڕینی ناحیەی جەلەولا بۆ قەزایەکی سەربەخۆ، عەدنان شەممەری ڕایگەیاند: وەک یەکەی کارگێڕیی پارێزگا، ڕێگە نادەن هیچ گۆڕانکارییەک لە نەخشەی ناوچەکەدا بکرێت کە ببێتە هۆی تێکدانی ئاشتیی کۆمەڵایەتی، هەروەها بە فەرمی نووسراو ئاراستەی حکومەتی فیدراڵی کراوە بۆ دەربڕینی دژایەتی بەرامبەر بڕیارەکەی وەزارەتی پلاندانان؛ ئەنجومەنی پارێزگای دیالە پێشتر بە بڕیارێکی فەرمی ئەو پێشنیازەی ڕەتکردووەتەوە.
کاردانەوەکان و پاشخانی کێشەکە
ئەم هەڵوێستەی پارێزگار دوای ئەوە دێت کە وەزارەتی پلاندانانی عێراق بڕیاری دابوو هەریەکە لە جەلەولا و قەرەتەپە کە دەکەونە سنووری ماددەی 140، بکرێنە قەزا. ئەم بڕیارە ناڕەزایەتی لێکەوتەوە و قایمقامیەتی خانەقین داوای لە پارێزگار کردبوو ڕێگری لەم ڕێکارە کارگێڕییانە بکات کە بە نایاسایی وەسفیان کردووە.