حیزبوڵای عێراق بۆ چەکدارەکانی: خۆتان بۆ جەنگێکى پڕووکێنەر ئامادە بکەن
کەتیبەکانی حیزبوڵای عێراق داوا لە چەکدارەکانی دەکات خۆیان بۆ “جەنگێکی پڕووکێنەر” ئامادە بکەن، لە سایەی لەشکرکێشیی ئەمریکا لە ناوچەکەدا.
پێنجشەممە 26ی شوباتی 2026، فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی کەتیبەکانی حیزبوڵای عێراق لە راگەیێنراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە، لە سەروبەندی هەڕەشەکانی ئەمریکا و لەشکرکێشییەکان کە ئاماژەن بۆ پەرەسندنێکی مەترسیدار لە ناوچەکەدا، بە پێویستی دەزانێت هەموو چەکدارەکانی ئامادەبن بۆ جەنگێکی پڕووکێنەر کە ئەگەری هەیە درێژخایەن بێت و بە گوتەی ئەو هێزە، لە سەرووی پێشبینییەکانی ئەمریکاوە دەبێت.
کەتیبەکانی حیزبوڵای عێراق رایگەیاند، ئەگەر ئەمریکا جەنگ لە ناوچەکە بەرپا بکات، خۆی لەبەردەم زیانی بێشومار دەبینێتەوە کە بە گوتەی ئەوان ناتوانێت رابگیرێت و قەرەبوو بکرێتەوە.
ئەو هۆشدارییەی کەتیبەکانی حیزبوڵای عێراق لە کاتێکدابوو کە سێیەم گەڕی گفتوگۆکانی نێوان ئەمریکا و ئێران لە جنێڤ نەگەیشتە ئەنجامى کۆتایی و بڕیاردرا شاندی تەکنیکیی هەردوولا هەفتەى داهاتوو کۆبوونەوەی دیکە بکەن.
کەتیبەکانی حیزبوڵای عێراق کە یەکێکە لە گرووپە چەکدارەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامیی ئێران، هۆشداری دەداتە حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی ئەوەی بە “هاوکاریکردنی هێزە بیانییە نەیارەکان” ناوی بردووە و دەڵێت: “ئەوە قورسایی زیاتر دەخاتە سەریان کە هەڕەشە دەبێت بۆ سەر ئاسایش و داهاتوویان.”