لەگەڵ بەردەوامیی ئاڵۆزییە داراییەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ، پرسی مووچەی فەرمانبەران وەک کارتێکی فشار لە ململانێکاندا ماوەتەوە. جەمال کۆچەر، ئەندامی لێژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق، هۆشداری دەدات لەوەی نابێت چیتر بژێوی خەڵک بکرێتە قوربانیی ناکۆکییەکان.
مەرجەکانی بەغدا بۆ ناردنی مووچە:
بەپێی زانیارییەکان، تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق، بۆ ناردنی تەمویلی مووچەی مانگی شوبات، کۆمەڵێک مەرجی نوێی خستووەتە بەردەم هەرێم، گرنگترینیان ئەمانەن:
داهاتی نانەوتی: ڕادەستکردنی 120 ملیار دینار لە داهاتی ناوخۆ بە گەنجینەی فیدراڵ.
دۆسیەی نەوت: پێشکەشکردنی نووسراوی فەرمی وەزارەتی نەوت سەبارەت بە بڕی هەناردەی نەوتی هەرێم و ڕادەستکردنی بە کۆمپانیای (سۆمۆ).
تەرازووی پێداچوونەوە: ناردنی لیستی وردی مووچە و تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی ڕابردوو.
چارەنووسی مووچەی مانگەکانی 11 و 12ـی ساڵی ڕابردوو
یەکێک لە کێشە هەرە گەورەکان، فەوتانی مووچەی دوو مانگی کۆتایی ساڵی 2025ـە. جەمال کۆچەر ڕایدەگەیەنێت، کە فەرمانبەران ئەرکی خۆیان جێبەجێ کردووە و تاوانبار نین تاوەکو سزا بدرێن؛ پێی وایە دەبێت بە هەر ڕێککەوتنێک بێت ئەو دوو مووچەیە خەرج بکرێن، چونکە مافێکی یاسایی و ماندووبوونی ساڵێکی تەواوی فەرمانبەرانە.
“پێویستە کورد بەشداری حکومەتی داهاتووی عێراق نەکات، مەگەر پرسی مووچە یەکلایی بکرێتەوە. جەمال کۆچەر ئەمەشی گوتوە.
ئامارە داراییەکان و کورتھێنان
سەبارەت بە مووچەی مانگی کانوونی دووەمی 2026، وەزارەتی دارایی هەرێم ڕایگەیاندووە کە زیاتر لە 931 ملیار دینار خراوەتە سەر هەژماری بانکییان، بەڵام بەغدا بڕی 36 ملیار و 360 ملیۆن دیناری لەو تەمویلە بڕیوە و ڕەوانەی نەکردووە، ئەمەش جارێکی دیکە کورتهێنانی لە دابەشکردنی مووچەدا دروست کردووە.
پێشنیاز بۆ چارەسەری ڕیشەیی
بۆ ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی ئەم قەیرانە، پەرلەمانتار جەمال کۆچەر چەند خاڵێک وەک مەرجی کورد بۆ بەشداری لە پرۆسەی سیاسی پێشنیاز دەکات:
دابینکردنی پشکی هەرێم لە هەر دامەزراندنێکی نوێ لەسەر ئاستی عێراق بەپێی ڕێژەی دانیشتووان.
شەفافیەت لە ڕاگەیاندنی بڕی نەوتی ڕادەستکراو لەلایەن وەزارەتی سامانە سروشتییەکانەوە بۆ ئەوەی بیانوو لەدەست بەغدا نەمێنێت.