کۆشکی سپی: بژاردەی سەربازی دژی ئێران هێشتا لەسەر مێزە

کارۆلاین لیڤت، سکرتێری ڕۆژنامەوانیی کۆشکی سپی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییدا کە ئەمڕۆ سێشەممە بەڕێوەچوو، ڕایگەیاند، هەرچەندە ئیدارەی ترەمپ بژاردەی دیپلۆماسی وەک یەکەم هەنگاو بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ تاران دەبینێت، بەڵام بژاردەی سەربازی بۆ ڕێگریکردن لە بنیاتنانەوەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران هێشتا کارایە. 

سکرتێری ڕۆژنامەوانیی کۆشکی سپی، سەرجەم ئەو دەنگۆیانەشی ڕەتکردەوە کە باس لە بوونی بڕیارێکی پێشوەختە بۆ هێرشکردنە سەر ئێران دەکەن.

ئۆپەراسیۆنەکەی ئەمریکا دژی بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران:

لیڤت ئاماژەی بەوە کرد کە ئۆپەراسیۆنەکەی ئەمریکا بۆ سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران زۆر سەرکەوتوو بووە، تەنانەت ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمیش ئەم سەرکەوتنەی پشتڕاست کردووەتەوە.

نیگەرانییەکان لە بنیاتنانەوەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی تاران

سکرتێری ڕۆژنامەوانیی کۆشکی سپی جەختی کردەوە لەوەی، لەنێوبردنی بنکەکان بەو مانایە نییە کە ئێران هەوڵی بنیاتنانەوەیان نادات، بۆیە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، ڕژدە لەسەر ئەوەی دڵنیا بێتەوە بەرنامەی ئەتۆمیی تاران نابێتە هەڕەشە بۆ سەر دۆست و هاوپەیمانەکانیان لە ناوچەکەدا.

ڕەتکردنەوەی دەنگۆکانی هێرشی سەربازی

سەبارەت بەو ڕاپۆرتانەی باس لە دیاریکردنی کاتی هێرش بۆ سەر ئێران دەکەن، کارۆلاین لیڤت هەموو ئەو دەنگۆیانەی بە ناڕاست وەسف کرد و گوتی: بابەتێکی لەو شێوەیە تەنیا خودی دۆناڵد ترەمپ بڕیاری لێ دەدات.

دووپاتیشی کردەوە ستراتیژی ئێستای واشنتن بریتییە لە پێشخستنی دیپلۆماسی، بەڵام ئەگەر پێویست بکات، بژاردەی سەربازی وەک ئامرازێکی فشار و پاراستنی ئاسایش لەسەر مێز دەمێنێتەوە.

ھەواڵی زیاتر