لە مالیکییەوە بۆ ئەمریکا: ناکشێمەوە
نووری مالیکی، کاندیدی پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، لە کاندیدبوونی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران ناکشێتەوە.
مالیکی وتی: پاراستنی پەیوەندییەکی باش لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ پێشکەوتنی عێراق کارێکی بنەڕەتی و پێویستە. دەشڵێت، رێگری لە هەر پێشێلکاری و هێرشێک بۆ سەر ناوەندە دیپلۆماسییەکان و بەرژەوەندییەکانی وڵاتان لە عێراقدا دەکەن.
23ی شوباتی 2026، مالیکی رایگەیاند، هەرچەندە پەیوەندییەکانی بەغدا لەگەڵ تاران لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش و رێزگرتن لە سەروەری عێراق بنیاد نراوە، بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە کە پەیوەندی لەگەڵ واشنتۆن گرنگ نییە. ناوبراو ئەو دەنگۆیانەشی رەتکردەوە کە باس لە خراپی پەیوەندییەکانی ئەو و ئەمریکا دەکەن لە ماوەی هەردوو خولی سەرۆکایەتییەکەیدا لە نێوان ساڵانی 2006 بۆ 2014.
سەبارەت بە پاراستنی نێردە دیپلۆماسییەکان، مالیکی بەڵێنی دا کە ئەگەر وەک سەرۆکوەزیران دەستبەکار بێت، رێگری لە هەر هێرش و پێشێلکارییەک دەکات بۆ سەر باڵیۆزخانەکان یان ئەو بەرژەوەندییانەی کە بە فەرمی لە عێراقدا ناسراون.