پاکستان هێرشی ئاسمانیی کردە سەر ئەفغانستان

بەرەبەیانی ئەمڕۆ 22ـی شووبات، پاکستان زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانی کردە سەر پێگەی گرووپە چەکدارەکان لە نێو خاکی ئەفغانستان، حکومەتی ئەفغانستانیش دەڵێت: لە ئەنجامی هێرشەکاندا دەیان کەس کوژراون و بریندار بوون.

ئەم هێرشانە بە فراوانترین هێرش دادەنرێن لە دوای شەڕە خوێناوییەکەی مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی ڕابردوو، کە تێیدا زیاتر لە 70 کەس لە هەردوولا کوژران.

وەزارەتی راگەیاندنی پاکستان ڕایەگایند، 7 شوێنیان لە ناوچە سنوورییەکان کردووەتە ئامانج کە بنکەی گرووپی تەحریکی تاڵیبانی پاکستان و لقێکی رێکخراوی داعش بوون؛ ئاماژە بەوە دەکات ئەمە وەڵامێک بووە بۆ تەقینەوەکانی ئەم دواییەی ناو پاکستان بەتایبەت تەقینەوەکەی مزگەوتێکی شیعەکان لە ئیسلام ئاباد کە 40 کوژراوی لێکەوتەوە.

سەرچاوەیەکی ئەمنی بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاندووە، هێرشەکان پارێزگاکانی نەنگەرهار، پاکتیکای گرتووەتەوە، تەنیا لە قەزای بیحسود 17 کەس کوژراون کە 12ـیان منداڵ، ئێستاش خەڵکی ناوچەکە لەژێر داروپەردووی خانووە رووخاوەکاندا بەدوای قوربانییەکاندا دەگەڕێن.

زەبیحوڵڵا موجاهید، گوتەبێژی حکومەتی تاڵیبان رایگەیاند، پاکستان دەیەوێت لاوازیی ئەمنیی وڵاتەکەیان بەم تاوانانە پەردەپۆش بکەن.

لە ساڵی 2021ـەوە کە تاڵیبان دەسەڵاتی گرتووەتە دەست، پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات خراپ بووە و هەوڵە نێوەندگیرییەکانی قەتەر و تورکیا, نەیانتوانیوە رێککەوتنێکی هەمیشەیی لە نێوان هەردوولا بێننە ئاراوە.

ھەواڵی زیاتر