بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی زمانی دایک، سبەی یەکشەممە 2026/02/22 ڕێوڕەسمی ڕاگەیاندنی 7 پرۆژەی ستراتیژی بۆ گەشەپێدان و پێناسەکردنی زمانی کوردی لە چوارچێوەی زمانەوانییە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکاندا بەڕێوەدەچێت کە لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆک بارزانی بوونیاد نراوە و حکومەتی هەرێمی کوردستان پاڵپشتی دەکات.
دکتۆر کارزان کەریم، شارەزا لە دیوانی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران ڕایگەیاند، پرۆژەکە لەلایەن دکتۆر فەریاد فازڵ زمانناسی دیار و ڕاوێژکاری سەرۆکوەزیران سەرپەرشتی دەکرێت، ئامانج لێی ناساندنی زمانی کوردییە وەک زمانێکی فەرمیی جیهانی و خستنەڕووی شێوازی فێرکارییە بەشێوەی ئەکادیمی بەتایبەت بۆ کارمەند و کرێکارە بیانییەکان لە هەرێمی کوردستان، ئەم پرۆژانە هاوکاری و ئاسانکاری پێشکەش بە 13 نەتەوەی دیکە دەکات بۆ فێربوونی زمانی کوردی، کە لەم 7 بەشە سەرەکییە پێکهاتووە:
یەکەم: پرۆژەی بەئاسانی فێربوون، لەم بەشەدا بەشێوەی ڤیدیۆی فێرکاری زمانی کوردی بۆ 13 زمانی دیکە وەرگێڕدراوە و بەپێچەوانەشەوە.
دووەم: پرۆژەی تاقیکردنەوەی زمانی کوردی، تێیدا فێرخواز ئاشنای وەڵامدانەوەی پرسیارەکانی تایبەت بە فێربوونی زمانی کوردی دەکرێت هاوشێوەی هەر تاقیکردنەوەیەکی دیکەی جیهانی بەنموونە: ئایەڵتس
سێیەم: پرۆژەی سیستمی تۆماری وشە کوردییەکان، ئەمەیان دواتر دەبێتە بناغە بۆ ئەی ئای زمانی کوردی.
چوارەم: پرۆژەی سیستمی هەڵەبژێری کوردان، تێیدا هەڵە زاراوەییەکان و هەڵەی ڕێزمانی ڕێکدەخاتەوە.
پێنجەم: پرۆژەی ئەلف و بێی کوردی، کە هەمان ئەلف و بێی کۆنی کوردییە، کراوەتە سیستم و لە ئەپڵیکەیشنێکدا بەردەستخراوە.
شەشەم: پرۆژەی چیرۆکی منداڵان، ئەم پرۆژە 100 چیرۆکی منداڵانی کورد بە زمانی کوردی لەخۆدەگرێت، تێیدا جگە لە شارەزاکردنی زمانەوانی، فێرخواز لەڕێگەی چیرۆکەکانەوە، ئاشنای بەشێک لە کولتوور و فەرهەنگی کوردی دەکرێت.
حەوتەم: پرۆژەی فەرهەنگی فرەڕەنگ، کە تایبەتە بە وەرگێڕانی وشە لەنێوان زمانی کوردی و زمانە زیندووەکانی جیهان بەشێوەی فەرهەنگی وێنەیی Picture Dictionary