فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) بە فەرمی هەواڵی چۆڵکردنی بنکە سەربازییەکانی وڵاتەکەی لە قەتەر و بەحرەین بەدرۆ خستەوە و دووپاتی کردەوە کە هێزەکانیان لە ناوچەکەدا دەمێننەوە.
ئەو وەڵامەی سێنتکۆم دوای ئەوە دێت کە ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز لە زاری بەرپرسانی پێنتاگۆنەوە ڕایگەیاند، سەدان سەرباز لە بنکەی عودەیدە لە قەتەر گواستراونەتەوە، هاوکات بنکەکانی بەحرەین و چەند وڵاتێکی تری وەک عێراق، سووریا، کوێت، سعوودیە، ئوردن و ئیمارات چۆڵکراون، بەڵام کەناڵی فۆکس نیوز لە زاری بەرپرسانی باڵای ئەمریکاوە ئەو هەواڵەیان ڕەتکردەوە.
بەگوێرەی هەواڵێکی فۆکس نیوز، هیچ کشانەوەیەکی لەو شێوەیە ڕووی نەداوە و دەنگۆکان دوورن لەڕاستییەوە.
بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵانە لە کاتێکدایە ئەگەری پەرەسەندنی گرژییە سەربازییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران لە ئارادایە، مەترسیی ئەوەش هەیە لە کاتی هەر ڕووبەڕووبوونەوەیەکدا بنکەکانی ئەمریکا لە وڵاتانی ناوچەکە بکرێنە ئامانج.