فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاپۆرتێکی ورد و بەڵگەداردا، حکومەتی عێراق بە پەیڕەوکردنی سیاسەتی “گۆڕینی دیمۆگرافیا و تەعریبکردنەوە” لە ناوچە جێناکۆکەکان تۆمەتبار دەکات.
لە ڕاپۆرتەکەی فەرمانگەی میدیا و زانیاریدا هاتووە: لە دوای ڕووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەری 2017ـەوە، پرۆسەی دەرکردنی کورد لە پۆستە کارگێڕییەکان و زەوتکردنی زەوییەکان چۆتە قۆناغێکی مەترسیدارەوە.
شکست لە جێبەجێکردنی ماددەی 140
بەپێی داتاکانی ڕاپۆرتەکە، لە ماوەی نێوان ساڵانی 2005 بۆ 2025، زیاتر لە دوو تریلیۆن دینار بۆ جێبەجێکردنی ماددەی 140 تەرخانکراوە، بەڵام بەهۆی “سستی و ڕێگرییەکانەوە” ماددەکە وەک خۆی جێبەجێ نەکراوە.
بەپێی ڕاپۆرتەکە، لە ساڵی 2012 تا ئێستا نزیکەی 118 هەزار دۆسیە لە پارێزگاکانی کەرکووک، دیالە، نەینەوا و سەڵاحەدین یەکلایی کراونەتەوە، بەڵام هێشتا کێشەی گرێبەستە کشتوکاڵییەکان بە هەڵپەسێردراوی ماونەتەوە.
پاشەکشەی پێگەی کورد لە دوای 2017
ڕاپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات کە لە دوای 16ـی ئۆکتۆبەرەوە، “ئیدارە سەپێنراوەکان” لە کەرکووک و ناوچەکانی دیکە، دەستیان کردووە بە وەرگرتنەوەی دەیان پۆستی باڵا لە کورد، لەوانە:
کەرکووک: ١10 پۆستی کارگێڕی (دیارترینیان پارێزگار).
دووزخورماتوو: 10 پۆست.
شنگال و زووممار: 8 پۆست.
گۆڕینی نەخشەی کارگێڕی وەک چەکێکی سیاسی:
لەسەر هەمان پرس، فەهمی بورهان، سەرۆکی دەستەی گشتیی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، ڕایگەیاند کە گۆڕینی ناحیەکانی وەک (گوڵاڵە و قەرەتەپە) بۆ قەزا، پەیامێکی سیاسی لەپشتە بۆ شێواندنی نەخشەی ناوچەکە. ناوبراو هۆشداری دا کە ڕێژەی کورد لەو ناوچانە بەشێوەیەکی مەترسیدار دابەزیوە، پێویستە لە ڕووی یاساییەوە ڕێگری لەو هەنگاوە تاکڕەوانەی بەغدا بکرێت.”
بەپێی راپۆرتی فەرمانگەی میدیا و زانیاری ناوچەکانی نێو مادەی 140 ئامانەن:
– کەرکووک: سەنتەری شار و سەرجەم قەزا و ناحیەکانی دەگرێتەوە.
– نەینەوا: قەزای شنگال، قەزای حەمدانیە، قەزای شێخان، قەزای مەخموور، قەزای زوممار، قەزای تلکێف، ناحیەکانی بەعشیقە، قەحتانیە، رەبیعە دەگرێتەوە.
– دیالە: قەزای خانەقین و ناحیەکانی گوڵاڵە، سەعدیە، مەیدان، قۆرەتوو، قەزای قەرەتەپە، قەزای شارەبان و ناحیەکانی، قەزای بەلەدروز و ناحیەی مەندەلی دەگرێتەوە.
– سەڵاحەدین: دووزخورماتوو، ئامرلی، سلێمان بەگ دەگرێتەوە.
– واست: قەزای بەدرە و ناحیەی جەسان دەگرێتەوە.
– لە هەرێمی کوردستانیش چەمچەماڵ، ئاکرێ، فایدە، کفری و کەلار هەن.
گۆڕینی دیمۆگرافیا
فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان باسی لە “گۆڕینی سنووری دیمۆگرافیای یەکە کارگێڕییەکان” لە کەرکووک، خانەقین، گوڵاڵە و شنگال کردووە و رایدەگەیێنێت، “راگواستنی دانیشتووان، هێنانی عەرەبی هاوردە، زیادکردنی ژمارەی عەرەب و کەمکردنەوەی ژمارەی کورد” ئەنجام دراوە.
ماددەی 140 وەک درێژکراوەی مادەی 58ی یاسای بەڕێوەبردنی دەوڵەت، بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان دانراوە. جێبەجێکردنەکەی بە 3 قۆناخ دیاری کراوە، دەبوو تا کۆتایی 2007 تەواو بکرایە، بەڵام دوای 18 ساڵ لە تێپەڕبوون بەسەر دوایین وادەی دەستووری تاکو ئێستا جێبەجێ نەکراوە.