بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کارەبای سلێمانی ئامارێکی سەبارەت بە بڕی پارەی کارەبای هاوبەشان بۆ مانگی (یەک)کانوونی دووەمی 2026 بڵاوکردەوە و ڕوونکردنەوە لەسەر ئەو بڕە پارەیە دەدات کە لە ماوەی مانگێکدا بۆ هاووڵاتییان گەڕاوەتەوە.
لە ڕوونکردنەوەکەی بەڕێوەبەرایەتیی کارەبای سلێمانیدا هاتووە، بەپێی داتاکانی بەشی فرۆشتنی وزە، لە کۆی 362 هەزار و 745 هاوبەشی کارەبا لە ماڵان، بازرگانی، میری، پیشەسازی و مۆلەکان، لە سنووری بەڕێوەبەرایەتییەکانی دابەشکردنی کارەبای سلێمانی (ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا، چوارتا، ماوەت، قەرەداغ و عەربەت) 93٪ هاوبەشانی کارەبا لە 20-12-2025 تاوەکو 20-01-2026، لە 100 دینار بۆ 100 هەزار دیناریان بۆ هاتووەتەوە.
ئەو بڕە پارە زۆرانەی هاوبەشان کە دەگەنە ملیۆن یان ملیار دینار، تایبەتن بە کارگە گەورەکانی ئاسن و چیمەنتۆ، مۆڵەکان و کەرتە پیشەسازییە گەورەکان.
بەڕێوەبەرایەتیی کارەبای سلێمانی داوا لە هاوبەشانی کارەبا دەکات، بۆ هەر تێبینی یان ناڕەزایەتییەک، سبەی شەممە سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی دابەشکردنی کارەبای سلێمانی/ڕۆژهەڵات لە گەڕەکی قاڵاوا بکەن، تاوەکو خۆیان لە سیستمی KYC تۆمار بکەن و لەڕێگەی مۆبایلەکانیانەوە ڕاستەوخۆ ئاگاداری بڕی پارەی بەکارهاتووی مانگانەیان بن.