دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، پەیامێکی تووند و بڕیارنەدەری ئاراستەی تاران کرد و ڕایگەیاند کە دەبێت بە زووترین کات و پێش هاتنی مانگی داهاتوو، ڕێککەوتنێکی نوێ لە نێوان هەردوولادا واژۆ بکرێت، ئەگەرنا ئێران ڕووبەڕووی دۆخێکی “کارەساتبار” دەبێتەوە.
ترەمپ لە لێدوانێکدا سەبارەت بە ئایندەی پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ ئێران وتی: “پێویستە ڕێککەوتنێک بکەین، ئەگەرنا دۆخەکە زۆر کارەساتبار دەبێت. من نامەوێت ئەوە ڕووبدات، بەڵام دەبێت تاران تێبگات کە کات لە بەرژەوەندی ئەواندا نییە.”
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کرد کە ئێران لە ڕابردوودا هەلێکی گەورەی بۆ ڕێککەوتن لەدەستدا و وتی: “ئەوان دەبوو جاری یەکەم لەگەڵمان ڕێبکەون، بەڵام نەیانکرد، بۆیە ئۆپەراسیۆنی چەکوشی نیوەشەویان بەرکەوت. ئەمجارە ئەگەر ڕێکنەکەون، دەرەنجامەکان بۆ ئێران زۆر قورستر دەبن.”
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ترەمپ تیشکی خستە سەر کۆبوونەوەکەی لەگەڵ بنیامین نەتەنیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و وتی: “دوێنێ کۆبوونەوەیەکی زۆر باشمان هەبوو، نەتەنیاهۆ تێبینی و تێگەیشتنی خۆی هەبوو، بەڵام لە کۆتاییدا بڕیاری کۆتایی لای منە. من تەنها ئەو کاتە ڕازی دەبم کە ڕێککەوتنەکە دادپەروەرانە و زۆر باش بێت.”
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، ترەمپ جەختی لەسەر پەلەکردن لە پرۆسەکە کردەوە و ڕایگەیاند: “پێویستە تاوەکو مانگی داهاتوو ڕێککەوتنەکە بکرێت. پێویستە ئەوان زۆر زوو بێنە سەر مێزی گفتوگۆ و لەگەڵمان ڕێبکەون.”
ئەم هۆشدارییە نوێیەی ترەمپ لە کاتێکدایە کە گرژییەکانی ناوچەکە و دۆسیەی ئەتۆمی ئێران گەیشتوونەتە قۆناغێکی هەستیار و چاودێرانیش چاوەڕێی کاردانەوەی تاران دەکەن بەرامبەر ئەم “دوایین مۆڵەتە”ی واشنتن.