هاوکارییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕەوانەی ڕۆژئاوا کرا
کۆمەک و هاوکاریەکانی وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەرەو ڕۆژئاوای کوردستان بەڕێکرا.
وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە، 8ی شوباتی 2026، کاروانی کۆمەک و هاوکارییەکان کە لە چوارچێوەی کەمپینی وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادە کرابوون، بەرەو ڕۆژئاوای کوردستان بەڕێکران.
ئاماژە بەوەشکراوە، هاوکاریەکان پێکهاتوون لە 8 هەزار و 910 پاکێجی خواردن لە ڕێگای 27 بارهەڵگرەوە بەرەو دەروازەی فیشخابوور بەڕێکران، بڕیارە سبەی دووشەممە لە ڕێگای دەروازەی سمێڵکاوە بگەنە شاری قامیشلو لە ڕۆژئاوای کوردستان، دوای گەیشتنی هاوکارییەکان لە ڕێگای لیژنە هاوبەشەکانی دەزگای خێرخوازی بارزانی و مانگی سوری کوردی بەسەر خوشک و برا ئاوارەکانی ڕۆژئاوای کوردستان دابەش بکرێت.