وەزیری دەرەوەی ئێران: لە مافی پیتاندنی یۆرانیۆم پاشگەز نابینەوە

عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایدەگەیەنێت، کۆکردنەوەی هێز لە ناوچە نامانترسێنێت و ئەرکی ئێمە دیپلۆماسییەت و جەنگە.

 دەستووری ئێران رێگە بە دەستوەردانی دەرەکی نادات، چونکە هەر لە بنەڕەتدا کۆماری ئیسلامی لەسەر بنەمای شکۆمەندییەوە دامەزراوە و کۆکردنەوەی هێزی سەربازیش لە ناوچەکە نامانترسێنێت.

ئەمڕۆ یەکشەممە 8ی شوباتی 2026، عەباس عێراقچی، لە کۆنگرەی  نەتەوەیی ناوەندی لێکۆڵینەوە و سیاسەتی نێودەوڵەتی ئێران ڕایگەیاند: “بە زمانی هێز قسە لەگەڵ گەلی ئێران بکرێت، ئەوا بە هەمان شێوە وەڵامیان دەدەینەوە، بە رێزیشەوە قسە لەگەڵ گەلی ئێران بکرێت، بە زمانی رێزەوە وڵامیان دەدرێتەوە، چونکە کۆماری ئیسلامی لەسەر بنەمای شکۆمەندییەوە لەلایەن رێبەری باڵا، ئیمام خومەینییەوە دامەزراوە”.

عەباس عێراقچی، راشیگەیاند، ڕووبەڕووی جەنگ و هەڕەشەش ببنەوە، لە مافی پیتاندنی یۆرانیۆم پاشگەز نابنەوە و هیچ هەژموونێکی خۆسەپاندنی لە هیچ لایەنێک قبووڵ ناکەن، چونکە دەستووری ئێران رێگە بە دەستوەردانی دەرەکی نادات، هەر پرسیارێکیش لە بارەی بەرنامەی ناوەکی هەبێت، ئێمە ئامادەین لە رێگەی دیپلۆماسییەوە وەڵام بدەینەوە، بەڵام ئامادە نین هیچ رێگەیەکی دیکە بگرینەبەر.

لەسەر کۆکردنەوەی هێزی سەربازی لە دەریای عەرەب و ناوچەکە لەلایەن ئەمریکاوە، وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت: کۆکردنەوەی هێزی سەربازی نامانترسێنێت، چونکە ئەرکی ئێمە دیپلۆماسی و جەنگە.

عێراقچی تیشکی خستە سەر دانیستوونەکانی پێشووی نێوان ئێران و ئەمریکا و وتی: ئەمریکا و ئیسرائیل ناپاکیان لە ئێران کردووە و لەکاتی دانووستاندا هێرشیانکردووە، ئەمەش بە خیانەتی دیپلۆماسی ناودەبەن.

ھەواڵی زیاتر