نێچیرڤان بارزانی و مەزڵوم عەبدی کۆ بوونەوە

ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 2026/2/5 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێشوازيی لە مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و شاندێكى ياوه‌رى کرد.

بەپێی راگەیەنراوێکی سەرۆکایەتیی هەرێم، لە کۆبوونەوەیەکدا، دوایین پێشهاته‌ مەیدانی و سیاسییەکانی دۆخی سووریا، پرسی کورد لەو وڵاتە و ڕێككه‌وتنى حكوومه‌تى سووريا و هه‌سه‌ده‌ تاوتوێ کران.

نێچيرڤان بارزانى پشتگیریی هەرێمی کوردستانی بۆ چارەسەری ئاشتییانەی کێشەکان دووپات کردەوە و جەختی لە گرنگیی بەردەوامیی دیالۆگی نێوان لایەنەکان و پاراستنى مافی هەموو پێکهاتەکان و گەلی کورد لە چوارچێوەی سووریایەکی یەکگرتوودا كرده‌وه‌.

لای خۆیەوە، مەزڵووم عەبدی پوختەیەکی دەربارەی دۆخی ناوچەکە و گفتوگۆکانی لەگەڵ دیمەشق و لایەنە نێودەوڵەتییەکان خستە ڕوو، هەروەها سوپاس و پێزانینی بۆ ڕۆڵی بەردەوامی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی و هەرێمی کوردستان دەربڕی بۆ پشتیوانیکردنی مافە ڕەواکانی گەلی کورد و هەوڵەکانيان بۆ هێورکردنەوەی ئاڵۆزییەکان.

هەر لە دیدارەکەدا، مەترسییەکانی تیرۆر و جموجووڵەکانی داعش لە ناوچەکەدا تاوتوێ کران و هەردوولا هاوڕا بوون کە هەماهەنگیی نێوان لایەنەکان و پشتگیریی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، فاکتەرێکی سەرەکییە بۆ پاراستنی ئاسایشی ناوچەکە بەگشتی.

ھەواڵی زیاتر