لە ماوەی ساڵێكدا زیاتر لە 10 هەزار حاڵەتی شێرپەنجە تۆمار کراون و وەزیەری تەندروستیش دەڵێت: 35%ـیان نیشتەجێی دەرەوەی هەرێمی کوردستان، بۆ چارەسەر سەردانی نەخۆشخانەکانی کوردستان کردووە.
بەپێی ستانداردی جیهانی لە کۆی 100 هەزار کەس 190 کەس تووشی شێرپەنجە دەبن، بەگوێرەی داتاکانی وەزارەتی تەندروستی لەماوەی ساڵانی ڕابردوو ڕێژەکە زۆر کەمتر بووە، لە هەر 100 هەزار کەسێک 141 بۆ 151 کەس تووشی نەخۆشیی شێرپەنجە بوون.
د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ساڵی ڕابردوو 10 هەزار و 481 حاڵەتی نوێی شێرپەنجە لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراون، بەڵام ڕێژەی 35٪ـی هی دەرەوەی هەرێمی کوردستانن، لە سەنتەرەکانی شێرپەنجە چارەسەری پزیشکیی بۆ خۆیان وەردەگرن.
بە گوتەی سامان بەرزنجی، ساڵی ڕابردوو 130 ملیار دینار بۆ دەرمان و پێداویستی پزیشکی بۆ شێرپەنجە خەرجکراوە، 596 حاڵەت بە خۆڕایی و لەسەر سندووقی کۆمەک لە نەخۆشخانە ئەهلییەکان چارەسەرییان بۆ کراوە.”