بەهۆی بارینی بەفرەوە هاتووچۆ لە دەروازەی سنووریی کێلێ وەستاوە و دەروازەکانی حاجی ئۆمەران و زێتیش ئاستەنگیان دروستبووە، بەڵام لە دەروازەی نێودەوڵەتیی ئیبراهیم خەلیل هاتووچۆ ئاساییە.
ڕۆژی پێنجشەممە 15ـی کانوونی دووەمی 2026، بەکر بایز، قایمقامی قەزای پشدەر ڕایگەیاند: “دوو رۆژ پێش ئێستا هاتووچۆی بازرگانی لە دەروازەی کێلێ وەستا، دوێنێش هاتووچۆی گەشتیاری وەستا. ئەمڕۆش بەهۆی بارینی 20 بۆ 25 سانتیمەتر بەفر، کە لە دیوی ئێرانیش زیاترە، هاتووچۆ لە دەروازەکە نییە.”
حاجی ئۆمەران:
لە سنووری پارێزگای هەولێر، بەفربارین کاریگەریی لەسەر هاتووچۆ هەبووە. سیروان حوسێن، وتەبێژی دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران ڕایگەیاند: “بەفرێکی زۆر باریوە، بەڵام تیمەکانمان 24 کاژێر خەریکی راماڵینی رێگەکانن و ناهێڵن دابخرێت، هاتووچۆی گەشتیاری و بازرگانی هەیە، بەڵام ئاستەنگ دروستبووە و هاتووچۆ سەختە.”
دەروازەی زێت:
جەواد سوار حەمەد، سەرپەرشتیاری دەروازەی زێت لە سنووری قەزای مێرگەسۆر ڕایگەیاند: “لە لای ئێمە تیمەکانمان بەردەوام خەریکی راماڵینی رێگەکەن لە بەفر و هاتووچۆ نەوەستاوە، بەڵام لە دیوی تورکیاوە بەهۆی بارینی بەفرێکی زۆرەوە رێگەکە گیراوە و هاتووچۆ وەستاوە”.
دەروازەی زێت دەکەوێتە سنووری ئیدارەی سۆران و هەرێمی کوردستان بە تورکیا دەبەستێتەوە، لە 10-05-2023ـەوە بە فەرمی کرایەوە.
کامی کەمال، وتەبێژی دەروازەی ئیبراهیم خەلیل ڕایگەیاند: “لای ئێمە بەفر نەباریوە و تەنیا بارانە، بۆیە هاتووچۆ بە تەواوی ئاساییە و هیچ جۆرە راگرتنێک لە هاتووچۆی گەشتیاری و بازرگانیدا نییە.”