پەیامێک لە مەسرور بارزانی و هەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی ئەمریکاوە لەبارەی مووچەی مانگەکانی 11 و 12

مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ هەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق کۆبووەوە و پرسی مووچە و شایستە داراییەکانی کوردستانیان تاوتوێ کرد.

ئەمڕۆ سێشەممە 13/01/2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان, پێشوازی لە جۆشوا هاریس، هەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە عێراق کرد. لە کۆبوونەوەکەدا، وێندی گرین، کونسوڵی گشتیی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان ئامادەی بوو. 

هەردوولا برەودانی زیاتر بە پەیوەندیی دوولایەنە و دۆخی گشتیی عێراق و دانوستان و گفتوگۆی لایەنە سیاسییەکان بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێ تاووتوێ کرا .

هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر گرنگیی ڕێزگرتن لە قەوارەی دەستووری و فیدراڵیی هەرێمی کوردستان و دابینکردنی ماف و شایستە داراییەکانی هەرێم و بەردەوامبوونی ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم لەلایەن حکومەتی فیدراڵەوە، بە هەر دوو مووچەی مانگەکانی یازدە و دوازدەی ساڵی ڕابردووەوە.

هەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە عێراق، پشتیوانيی وڵاتەکەی بۆ هەرێم و بە تایبەتی چاکسازییەکانی حکومەتی هەرێم لە کەرتە جۆراوجۆرەکاندا دووپات کردەوە و ئاماژەی دا بەوەی هەرێمی کوردستان هاوبەش و هاوپەیمانێکی بەهێز و گرنگی ئەمەریکایە لە ناوچەکەدا.

سەرۆکی حکومەت سوپاسی هاوکاری و پشتیوانیی بەردەوامی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکای کرد.

دوایین گۆڕانکاری و پەرەسەندنەکانی دۆخی گشتیی ناوچەکە، تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکان بوو.

ھەواڵی زیاتر