شاسوار عەبدولواحید سێ ڕۆژ مانی لە خواردن گرتووە

دوای ئەوەی دادگای سلێمانی ڕەتیکردەوە شاسوار عەبدولواحید بە کەفالەت ئازاد بکات، چاوەڕوانی بڕیاری نوێی دادگا دەکات.

ئەو سزایەی لەسەر سکاڵای “شادی نەوزاد” ئەندامی پێشووی پەرلەمابی کوردستان بەسەریدا سەپێنرابوو، لە ڕۆژی 29ـی مانگی رابردوو کۆتایی هاتووە، بەڵام هێشتا شاسوار عەبدولواحید ئازاد نەکراوە و لە چاوەڕوانیدایە.

شاسوار عەبدولواحید، لە بنکەی پۆلیسی گرتن و گواستنەوەی سلێمانی دەستبەسەرە، بەو پێیەی ئەو سزایەی لەسەر سکاڵای “شادی نەوزاد” بەسەریدا سەپێنرابو، لە گرتووخانەی چاکسازی گەورانی سلێمانی بەسەری بردووە.

دوای کۆتایی هاتنی سزاکەی تەنها شوێنی هێشتنەوەی شاسوار عەبدولواحید لە گرتوخانەی چاکسازی گەورانەوە بۆ بنکەی پۆلیسی گرتن و گواستنەوە گۆڕدراوە، بەوپێیەی دوای کۆتایی هاتنی سزاکەی نابێت لە گرتووخانەی چاکسازی بهێڵرێتەوە.

لە ئێستادا شاسوار عەبدولواحید لە بنکەی گرتن و گواستنەوە چاوەڕێی بڕیاری نوێی دادوەرە، بەوەی بە کەفالەت ئازاد دەکرێت یاخود لەسەر دۆسیەیەکی نوێ سزا دەدرێتەوە و ڕەوانەی گرتووخانەی چاکسازی دەکرێتەوە.

هەفتەی رابردوو، شاسوار عەبدولواحید بۆ ماوەی سێ ڕۆژ مانی لەخواردن گرتووە، ئەمەش بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی بەرامبەر بە هێشتنەوەی لەزیندان و ئازاد نەکردنی.

ئەوکات میدیاکانی نەوەی نوێ ئاماژەیان بەوەکرد، شاسوار عەبدولواحید لەزینداندا باری تەندروستی تێکچووە و گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانە، بەڵام هۆکارەکەی مانگرتنی بووە لە خواردن.

دوای سێ ڕۆژ لە مانگرتنی لە خواردن، شاسوار عەبدولواحید مانگرتنەکەی شکاندووە. لە ئێستادا لە بنکەی پۆلیسی گرتن و گواستنەوە لە دۆخی چاوەڕوانیدایە.

شاسوار عەبدولواحید، لە ڕۆژی 12 ی مانگی 8 ی ساڵی رابردوو دەستگیرکرا، لەوکاتەوە تا ئێستا لە زینداندایە و دوای بەسەر بردنی ئەو سزایەی بەسەریدا سەپێنرا لەسەر دۆسیەی شادی نەوزاد، هێشتا چارەنوسی یەکلایی نەکراوەتەوە.

ھەواڵی زیاتر