ڕاگەیەندراوێک لە بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتییەوە

دوای ئەو لافاوەی لە سنووری چەمچەماڵ هەستا و ژێرئاوکەوتنی کتێبخانەی گشتیی چەمچەماڵ، بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی بڕیاریدا بە هاوکاریکردنی کتێبخانەکە.

دەقی ڕاگەێنراوەکە:

پاش ئەوەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بەهۆی ئەو شەپۆلە بارانبارین و لافاوەی ڕووی لە ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان کرد، قەزای چەمچەماڵ، ئەو شارەی کە بە پایتەختی شەهیدان و ئەنفال ناسراوە و مێژوویەکی گەورەی لە خەبات و قوربانیداندا هەیە، ڕووبەڕووی زیانێکی زۆر بووەوە.

وێڕای نیگەرانیمان بۆ زیانە گیانییەکان و سەروماڵی هاووڵاتیان، ئێمە و هەموو دڵسۆزانی بواری مەعریفە و زانست، نیگەرانین بۆ ژێرئاوکەوتن و زیانپێگەیشتنی (کتێبخانەی گشتیی چەمچەماڵ).

وەکو بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە سۆنگەی هەستکردن بە بەرپرسیارێتیی نەتەوەیی و ڕۆشنبیریی خۆمان بەرامبەر بە شاری چەمچەماڵ و خوێنەرانی ئەو دەڤەرە ئازیزە، بڕیارماندا بە بەخشینی (٥٠٠) پێنجسەد کتێب لەپێناو ئاوەدانکردنەوەی کتێبخانەی گشتیی چەمچەماڵ.

لێرەشەوە، داوا لە سەرجەم ناوەندە ڕۆشنبیرییەکان و دەزگاکانی چاپ و بڵاوکردنەوە، نووسەران و ڕووناکبیرانی کوردستان دەکەین، هەریەکە و بەپێی توانای خۆی بەشداری بکەن لەم هەڵمەتە نیشتمانییە و نەهێڵین چرای مەعریفە و کولتوور لەو شارەدا کز بێت.

بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان
١٢ـی ١٢ـی ٢٠٢٥

ھەواڵی زیاتر