بەهۆی ئەو شەپۆلە بارانبارینەی ڕووی کردووە ناوچەکە، بەڕێوبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی سلێمانی سەرجەم تیمەكانی فریاكەوتنی خێرای خستە حاڵەتی ئەوپەڕی ئامادەباشییەوە.
بەڕیوبەرایەتییەکە ڕایگەیاند، بەهۆی ئەو شەپۆلی بارانبارینە بەخوڕەی پارێزگای سلێمانی و دەوروبەری گرتووەتەوە، مەترسی دروستبوونی لافاو و حاڵەتی نەخوازراو لە چەند شوێنێكدا لە ئارادایە، بۆیە لەسەر فەرمانی د. سەباح نەسرەدین، بەڕێوبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی سەرجەم تیمەكانی فریاكەوتنی خێرای تەندروستی ژمارە 122 خرانە حاڵەتی ئەوپەڕی ئامادەباشیەوە بۆ بەهاناوەچوونی هاووڵاتیان لەكاتی ڕوودانی هەر حاڵەتێكی نەخوازراو، هەروەها سەرجەم نەخۆشخانە و سەنتەر و بەشەكانی فریاكەوتن بەشێوەی ئێشكگری كراوە دەبن.
بەڕیوبەرایەتییەکە هاووڵاتیانی پارێزگاکە ئاگادار دەکاتەوە لەوەی دەتوانن لەكاتی ڕوودانی هەر حاڵەتێكی نەخوازراودا، پەیوەندی بە ژمارە تەلەفونی 122 بکەن بۆ ئەوەی تیمەكانی فریاكەوتنی خێرای تەندروستی بەزووترین كات بەهانایانەوە بچن.