ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، “ئەو زەوییەی پاڵاوتگەی لانازی لەسەر دروستکراوە، زەوییەکەی کڕدراوە”.
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لەبارەی گوندی لاجانەوە ڕایگەیاند، هەموو کەسێک دەتوانێت بچێت بەدواداچوون بکات و بزانێت ئەو زەوییەی پاڵاوتگەکەی لەسەر دروستکراوە چۆن کڕدراوە.
وتیشی: 70 کەس لە دانیشتووانی گوندی لاجان لە پاڵاوتگەی لاناز دامەزراون، داواکارییان هەبووە تاوەکو زیاتر بکرێن، بەڵام “پاڵاوگەی لاناز و کارگەی شیش بە خەڵکەکەیان وتووە، ئەوەی بەشی ئێوە بووە بۆتان کراوە و ناتوانین لەوە زیاتر ناتوانین خەڵک وەربگرین.
دەشڵێت، 67 بارهەڵگری ئەو گوندە دەرفەتی کاریان لە پاڵاوتگەکە بۆ رەخساوە، داوایان کردووە ژمارەکە بەرزبکرێتەوە، بەڵام بەڵێنیان پێ نەدراوە کە جێبەجێ بکرێت.
لەبارەی دەستگیرکردنی نێچیروان هەرکی، بەرپرسی کۆمیتەی خەباتی یەکێتی، ئاماژەی بەوەکرد، بابەتەکە پەیوەندی بە حیزبایەتییەوە نییە و “بەرپرسانی یەکێتی دڵنیا دەکەینەوە کەیسەکەی رێڕەوی خۆی دەگرێت، هەر لایەنێک دەیەوێ لێکۆڵینەوەکان ببینێت، دەرگە کراوەیە”.